کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لە ژێرناوی بەشداریی ژنان لە بزاڤە سیاسییەکانی کورد

21:22 - 19 گەلاوێژ 2717

لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، کە هاوکاتە لەگەڵ ٧٢مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک لە ژێرناوی بەشداریی ژنان لە بزاڤە سیاسییەکانی کورد، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو. پێش‌نیوەڕۆی رۆژی ١٩ی گەلاوێژ بەشی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب   سیمینارێکی تایبەت بە جێگەوپێگەی ژنان لە بزاڤە سیاسییەکانی کورد بۆ سمایل بازیار کادری لێهاتووی حدک و مامۆستا مێژوو، پێک‌هێنا. لەو سیمینارە کە بەشێکی بەرچاو لە ژنانی خۆڕاگری نێوسەنگەری دێموکرات تێدا بەشدار بوون،  سەرەتا مامۆستا عسمەت نستانی یەكێک لە ژنانی تێکۆشەری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات مەبەست لەو کۆبوونەوەی بۆ ئامادەبووان باس کردو پاشان رێزدار بازیار باسەکەی خۆی دەسپێکرد. ناوبراو سەرەتا لە سۆنگەی خەسارناسییەوە باسی لە کەمڕەنگی و زۆرجار غایەببوونی ژنانی کرد لە بزوتنەوە سیاسی و مافخوازانەی کورد بە گشتی و بەتایبەتی بزاڤەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی خستەبەر سەرەنج و، بە پشت بەستن بە بەڵگە مێژووییەکان چەند نموونەیەکی لەو بارەوە باس کرد. سمایل بازیار بە هەڵسەنگاندنی قوناخە جیاجیاکانی بزاڤەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هۆکاری چۆنیەتی و چلۆنایەتی بەشداریی کردنی ژنانی کورد لەو بزووتنەوەکانی بۆ بەشداربووان شی‌کردەوە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی‌دا یەکەم جموجۆڵە سیاسی و ڕێکخراوەیی ژنانی خستەبەرباس و  لەو بارەوە وتی: یەکەم ڕێکخراوی تایبەت بە ژنانی کورد لە ساڵی ١٩١٩لە ئەستەمبۆڵ بنیات نرا، کە ئەو ڕیکخراوەیە زۆری نەخایاند. بەڵام لە سەردەمی کۆماری کوردستان یەکێک لە بەرهەمەکانی بیرتیژی و وردبینی پێشەوا قازی محەممەد هاندانی ژنان بوو کە بێنە مەیدان خەبات و چالاکیی سیاسییەوە. ئاکامەکەشی بۆ بە دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان یان"یایاکان" ناوبراو بە شێوەی زانستی باسی لەوە کرد کە دەبێ هەر رووداوێکی مێژووی بە پێی هەلومەرجی ئەوکات هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، نەک بە پێی پێوەرەکانی ئەمرۆ ! بۆ نموونە ئاماژەی بە "شانۆی دایکی نیشتمان" کرد، شانۆیەک کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان ساز کرا و نواندرا، بەڵام لە هەموو کوردستان نە ئاکتەری ژن هەبوو نە هیچ ژنێک ئامادە بوو یان رێگەی پێدرا ! کە لەو شانۆیە رۆڵی "دایک" بگیڕێ. کەواتە لەوەها قوناخێک‌دا بە ڕێکخراوەیی کردنی چالاکیی ژنان کارێکی گەورەیە و دەبێ زیاتر سەرەنج بدرێ. هەربۆیە پێشەوا قازی محەممەد بۆ جێخستنی ئەو خاڵە گرینگە لە بنەماڵەی خۆیەوە دەستی پێکردو خێزان و کچەکەی لە یەکەم دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان بوون لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا. سمایل بازیار لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌ بە خوێندنەوەی مێژوویی لەسەر دۆخی سیاسیی کۆماری کوردستان و مافی دەنگدانی ژنان گوتی: بە پێی بەڵگە میژووییەکان لە  کۆماری ئازەربایجان کە تێدا هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو بۆ یەکەمجار ژنان لە ئێران مافی دەنگدانیان پێدرا بێ گومان ئەگەر تەمەنی کۆماری کوردستان ومەجالی هاوشێوە بڕەخسا ژنانی کوردیش وەکوو پێشەنگ لەو سەردەمە ئەو مافەیان بەدەست دەهێنا ئەمە. لە کاتێک‌دایە چەندین ساڵ دوای رووخانی هەردوو کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان ژنان لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی  مافی دەنگدانیان پێدراو، نارەزایەتی کەسانێک وەکوو خومەینی لە ١٥ی جۆزەردانی لێکەوتەوە. ناوبراو لە  بەشی کۆتایی سیمینارەکەی بە ئاوردانەوەیەکی خێرا لە ڕێژەی بەشداریی کردنی ژنان لە بزاڤە سیاسییەکانی کورد وێڕای ڕەخنەگرتن لە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کە ئەو مەجالە لەبارەیان  نە ڕەخساندوە بۆ بەشداریی زیاترو چالاکانەتری ژنان لە خەباتی سیاسیی کورد، بەڵام ئەرک وەخۆ گرتن و هاتنەمەیدان و هیممەت کردنی خۆدی ژنانی لە هەموو ڕەهەندێک بە پێوێست و بە خاڵێکی پۆزتیڤ زانی و گوتی: مێژووی بەشداریی ژنانی کورد لە خەبات و تێکۆشان ئەگەرچی بە هۆکارگەلێکی کۆمەڵایەتی و"نەریتی باو" کەمڕەنگ دیارە،  بەڵام لە قوناخە هەستیارەکانی مێژووی خەبات وبەرەنگاریی کورد، بە تایبەتی لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە ئارای شەڕی کوردستان تا حەماسەی ژنانی کورد لە کۆبانێ، سەلمێنەری ئەوەیە کە ژنان بە هیممەتی خۆیان ئەو کارانەی کە زۆر جار بە پیاوان ناکرێ بە ژنان و ئیرادە و ویستی ئەوان  بەڕێوەچووە. لە بەشی کۆتایی ئەو سیمینارە‌  چەند کەس لە ژنانی بەشداربوو، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا،  ڕاو بۆچوونی خۆیانیان باس کرد.