کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کوڕیادێک بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ لە شاری هەولێر

07:11 - 29 گەلاوێژ 2717

بۆ یادکردنەوە لە فەرمانی جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەرو دامەزرێنەری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کۆریادێک بە بەشداریی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەدان کەس لە تێکۆشەرانی ئەم بەشە لە کوردستان، لە ژێر ناوی " ٢٨ی گەلاوێژ رۆژی خۆڕاگریی کوردستان" لە هۆڵی پێشەوا، لە شاری هەولێری پاتیەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرەستی دوکتور ئاسۆحەسەن‌زادە، جێگر سکرتێری حیزب، لەو کٶڕیادە دا بەشدارییان کرد و، دوکتور ئاسۆحەسەن‌زادە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وتارێکی پێشکەش کرد. پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی نوێنەران و تێکۆشەرانی ٦ حیزبی سەرەکیی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەیان کەسایەتی سیاسیی کوردستانی و هونەرمەندان و توێژەرانی سیاسیی کورد، پاش بڵاوبوونەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و، ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ یادوناوی سەرجەم شەهیدانی کوردستان ئەو کوڕیادە کرایەوە . لە بڕگەی یەکەمی کارەکانی ئەم کۆڕیادەدا مامەند رۆژە ، بە نوێنەرایەتی لە دەستەی ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕیادە ، بە پێشکەش کردنی پێشەکییەک سەبارەت بەو فستیڤاڵە، مەبەست لە پێکهێنانی ئەو کۆڕیادەی بۆ ئامادەبووان باس کرد و ڕایگەیاند بەڕێوەبەرانی ئەم فستیڤاڵە هەوڵ دەدەن وەکوو نەریتێکی ساڵانە ئەو یادە بکەنەوە. پاشان دوکتور مەحموود عوسمان، کەسایەتی سیاسیی کوردی باشووری کوردستان و پشتیوانی هەمیشەیی بزووتنەوەی مافخوازنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەم وتاری ئەو ڕێوڕەسمەی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەی دا وتی؛ ڕاستە ٢٨ی گەلاوێژ رۆژێکی ڕەشە لە مێژووی ژینۆسایدی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لە هەمان کات یادێکی پیرۆزە، چون دەسپێکی بەڕەنگارییەکی کەم ‌وێنەیە بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەیی لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئێستاشی لەگەڵ‌دا بێ هەر بەردەوامە. ناوبراو لە درێژەی وتارەکەی دا وتی: چەوساندنەوەی گەلی کورد تەنیا بۆ تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناگەڕێتەوە بەڵکوو لە رێژیمەکانی پێشووتریش‌دا هەوڵی لەناوبردنی کورد دراوە تا سەردەمی کۆماری ئیسلامی وتەنانەت دەستی تێرۆریستانی ئەم رێژیمە دژەکوردە گەیشتە سەر میزی دانووستان و شەهیدبوونی دکتور قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفەکەندی نموونەی بەرچاون لەو بارەوە. لە کۆتاییە‌دا دوکتور عوسمان وێڕای مەحکوومکردنی سەرلەنوێ فیتوای جەهاد وقەڵاچۆ کردنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پیلان وپلانەکانی نەیارانی کورد، داوای یەکڕیزی و یەکدڵی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کرد. پاشان هونەرمەندان میرا و ندا، چەند سروودێکی حەماسییان لە وەسفی پێشەوای نەمر و شەهیدانی کوردستان‌دا پێشکەش کرد. دواتر پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو زەینەب حوسێنی و پەیامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن رێزدار ڕەزا کەعبی‌یەوە پێشکەش کران. لە درێژەی کۆڕیادەکەدا گرووپێک پێکهاتوو لە هونەرمەندانی کوردی رۆژئاوا، چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانەیان ئاراستەی یادی خۆڕاگریی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە‌دا بەڕێزان؛ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و حەسەن شەرەفی، جێگر سکرتێری گشتیی حدکا پەیامی حیزبەکەیان پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە، دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش بە کۆڕیادی رۆژی خۆڕاگریی کوردستان کرد. جێگرسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە پەیامەکەی‌دا باسی لە مێژووی بەرەنگاریی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان کۆمەڵێک خاڵی گرینگی خستەڕوو. ناوبراو لە بەشێک لە وتەکانی ‌دا وتی؛ سیاسەتی ئەرزی سووتاو کە لە سەروبەندی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ئەو رێژیمە لە کوردستان هێنایانە ئاراوە، ئەگەرچی قوربانی و خەساری ماڵی و گیانی زۆر لێکەوتەوە بەڵام خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خۆڕاگریی گەلی کورد و ئێستاشی لەگەڵ بێ لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان‌دا ، خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان هەر لەسەر پێ ماوە و لە گەشە کردن دایە. دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە درێژەی قسەکانی‌دا وتی: پێویستە ٢٨ ی گەلاوێژ هەر لە ئاست یادکردنەوەیەک لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان‌دا نەمێنێتەوە. بەڵکوو ببێتە خاڵێکی هاوبەش و گوتاری هاوبەشی سیاسی لە ئێستا و بۆ داهاتووش. ناوبراو لە سەر زەرورەتی پێکەوە کارکردنی پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: بەداخەوە گەلی کورد لە هەموو نەتەوەیەک زیاتر باسی یەکگرتوویی دەکا و لە هەموو میللەتێکیش پرش وبڵاو ترە ! بۆیە پێوێستە لە وەها یادێک‌دا، لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی بەکردەوە هەڵێنن بۆ یەکبوون و یەکگرتوویی و، لەهەموو بەستێنەکانی خەبات‌دا هەوڵ بدەن بۆ سەرخستنی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دوای وتەکانی دوکتور ئاسۆحەسەن‌زادە ، هونەرمەند کاڵێ یەکێک لە نرکە شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند سروودێکی حەماسی بۆ یادی ٢٨ی گەلاوێژ پێشکەش بەو ڕێوڕەسمە کرد. لە بەشێکی دیکە یادی خۆڕاگریی ٢٨ی گەلاوێژذا، رەسووڵ سووڵتانی یەکێک لە پێشکەشکارانی ئەو یادە بە خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی شۆڕشگێرانە، داوای لە هونەرمەندی ناسراوی بواری ئاواز وسروودی شۆڕشگێڕانە، هونەرمەند ناسری رەزازی کرد بۆ پێشکەش کردنی سروودێک کە بۆ ئەو یادە ئامادەی کردبوو. دوابڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە هونەرمەندێکی باکووری کوردستان چەند ستران و ئاوازێکی پێشکەش بە خەباتی خوێناویی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. جێی وەبیرهێنانەوەیە لە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمانی جیهادی خومەینی هێرشێکی بەربڵاو و نامرۆڤانەی کردە سەر خەڵکی بێ‌تاوانی کورد و ژینوسایدێکی تاڵیان خوڵقاند.