کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی کۆمەڵە شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات

22:44 - 30 گەلاوێژ 2717

لە دیداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگيڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێداگری لە سەر پێویستیی ساغبوونەوە لە سەر پلاتفۆڕم و قەوارەیەک بۆ تین بەخشینەوە بە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی د. ئاسۆ حەسەن‌زادە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازیی لێکرا. لەو دیدارەدا دوو لایەن وێڕای باس لە کۆمەڵە بابەتێکی سیاسیی ڕۆژ لە ئێران و کوردستان، ئێران لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی نوێی حەسەن ڕووحانی، پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت پرسی گرینگی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەپێوەندی لەگەڵ باسە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێراندا دوولایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی کابینەی نوێی حەسەن ڕووحانی کە پێکهاتەکەی پێچەوانەی هەموو ئەو دروشم و چاوەڕوانییە بوو کە دروستی کردبوو و لانیکەمی چاوەڕوانیی خەڵک و دەنگدەرانیشی وەدی نەهێنا، نیشانەی باڵادەستیی ناوکی سه‌ره‌ڕۆیی (هه‌سته‌ی ئیستبداد) لەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەریی وڵاتە. لە پێوەندی لەگه‌ڵ سیاسەتی دەرەکی و ئابووریی دەوڵەتی ڕووحانی دوو لایەن پێیان وابوو کە ئەگەرچی بزووتنەوەی کورد قەت بەرنامە و ئەجیندای خۆی لەسەر دەستێوەردانی دەرەکی دانەناوە، به‌ڵام ز‌ه‌رفیه‌تێك که لە بارودۆخی ئێستادا بۆ فشارخستنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە دروست بووە، نابێ نادیده بگیرێ و پێویستە بۆ به‌هێزکردنی بزوتنه‌و‌ه‌ی گه‌له‌که‌مان که‌ڵکی لێ و‌‌ه‌ربگیرێ. هەر لەو چوارچێوەیەدا دوو لایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی کورد لە ئێران روو بە دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگای جیهانی ڕێگەی دیکەی نییە جیا لەوەی بە پڕۆژە و گوتاری هاوبەش و یەکگرتوو بەرەو پیلی دەرفەتەکان بڕوا و به رێکار و مێكانیزمی گونجاو و عه‌مه‌لی هێزی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی یه‌ک بخا و به گژ هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەمیدا بچێتەوە. لە درێژەی ئەو دیدارەدا کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە پێوەندیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خرانە بەر باس و راوێژی پێویست بۆ به‌دواداچوونیان کرا.