کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌رزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گه‌لاوێژ له‌ وڵاتی ئه‌مریکا

04:19 - 1 خەرمانان 2717

ڕۆژی ١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٧ کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئەمریکا بۆ بەرز ڕاگرتنی ٧٢هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی و جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی بە بەشداریی بەرچاوی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانیییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوە برد. سەرەتا لە لایەن نەسرین خانم کەریمی پێشکەشکاری بەرنامە بە خوێندنەوەی شیعرێک و بەخێرهێنانی ئامادەبووان رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. پاشان دەنگی سروودی نەتەوەیی و هەرمانی ئەی ڕەقیب هۆڵەکەی تەنییەوە و بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و وەستان بە پێوە ڕێز لە یادی شەهیدانی گەل گیرا. دواتر لە لایەن خەبات ئیبڕاهیمپوور بەرپرسی کومیتەی حیزب، پەیامی کومیتە ئاراستەی ئامادەبووان کرا کە تێیدا وێڕای پاڵپشتی و پێداگری لە دەقی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ هاتبوو، بەڵێن نوێ دەکەینەوە و پەیمان لەگەڵ شەهیدانمان دەبەستین کە تا دواهەناسە درێژەدەری رێگایان بین و وەک "زێی خوڕ ساتێ هەدادانمان نەبێ" تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبەکەمان. پاشان کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارێکێدا ئاماژەی بە دوو خاڵ کرد و گوتی: وەک هەموو لایەک دەزانن لە ڕاستیدا ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف یان کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردە. کە وا بوو ئەگەر غەدر لە مێژوو نەکەین دەبێ ئەو سێ ساڵەش به‌ مێژووی ساز بوونی حیزبی دێموکراتی کورستان زیاد بکرێ، چون بە قسەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە دروست کردنی ژێکاف دا، نەقشیان هەبووە بە پێی نووسراوەکانیان بەمە ئاکامە دەگەین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزراوە، وەک نەمر مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێوردا باس دەکا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر دار و پەردووی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا. دیارە زۆر کەسایەتی دیکە وەک نەمران مامۆستا هێمن و مامۆستا زەبیحی ئاماژە بەم خاڵە دەکەن. بۆیە داواکارم بۆ ئەوەی غەدر لە خەبات و تێکۆشانی نەسلەکانی بەر لە خۆمان نەکرێ لایەنی پەیوەندیدار لە حیزبەکەماندا و پسپۆرانی مێژوو و ڕووناکبیرەکانمان سەرجەم ئەم مێژوویانە بخەنەوە سەر یەک. نوێنەری حیزب لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: خاڵی دووهەم کە بە باوەڕی من زۆر گرینگە و دەکرێ لە دۆخی سیاسی ئەمڕۆمان گرێ بدرێ گوتاری نەتەوەیی ئەم حیزبەیە کە توانایی ئەوەی هەبوو و هەیە کە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە ژێر چەتری خۆیدا کۆ کاتەوە. مێژووی ئەم حیزبە پێمان دەڵێ هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەم حیزبە "استعداد"ی ئەوەی هەبووە کە لە خوێندکارێکی ڕادیکاڵ بە بیری چەپەوە تا کەسایەتییەکی ئایینی وەک ڕاستێکی سوننەتی لە خۆ بگرێ. ئەم تایبەتەمەندییەکە کە لە هیچ حیزبیکی تردا بەدی ناکەرێ. بۆیە بە پێی ئەم پتانسییلە دەکرێ ئاواتەخوازی ئەوە بین کە ئەم گوتارە هەموومان لە ژێر چەترێکی هاوبەش کۆکاتەوە و بەرەیەکی چالاک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی پێک بێ. پاشان ناسر باباخانی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە بابەتێکدا تیشکی خستە سەر دوو قەیران کە بەرۆکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان گرتووە یەکەم قەیرانی فکری - سیاسی و دووهەم قەیرانی ڕێکخراوەیی. نابراو باسی لەوە کرد کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان ساڵانی ١٩٤٠ تا دامەزرانی کۆماری کوردستان بیری سەربەخۆیی وەک چەمکێکی سەرەکی لە گوتاری نەتەوەیی کوردا بوونی هەبووە. شائانی باسە کومیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەمریکا، لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکاو کانادا، کۆمەلەی زەحمەتکئشانی کوردستانی ئیران و ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەمریکا برووسکەی خۆیان پێشکەشی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. لە دوا بڕگەی بەرنامەکەدا بەڕێز جەعفەر فەقێ نەبی شیعرێکی خاڵە قازی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ئاهەنگەکە بە دەنگی هونەرمەند گەلاوێژ سەقزی و بەشداریی بەرچاوی ئامادەبووان لەم ئاهەنگەدا کۆتایی پێهات.