کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی فینلەند

04:47 - 1 خەرمانان 2717

رۆژی سێشەممە، ٢٢ی مانگی ئوتی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی (٣١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٦ هەتاوی) مستەفا مەولودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلەندی کرد. کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی سێشەممە، خاتوو مییا لاهتی، بەرپرسی تیمی کەنداوی فارس لە یەکەی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها خاتو سۆفی ساندسترۆم بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی ژنان پێشوازیان لە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولودی سکرتێری گشتیی حیزب و هاورێیەتی  وەستا رەحمان بەرپرسی کومیتەی گشتی حیزب لە فینلاند، عەزیز شێخانی و کەریم ڕەسوڵی کرد. لەو دیدارەدا پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان، بارودۆخی کۆڵبەران، بەندییە سیاسییەکان، سیاسەتی رێژیمی تاران بەرامبەر بە پرسی کورد و گەلانی دیکەی ئێران تاوتوێ کران. بەڕێز مستەفا مەولودی سکرتێری حیزب لە سەرەتای دیدارەکەدا باسێکی لە سەر خەباتی کورد، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هەروەها ئامانجە رەواکانی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێران کرد کە بە شێوازی جیاواز دەیانچەوسێنەوە و لە  نێوانە دا باسی لەو زوڵم و زۆر وناعداڵەتییانە کرد کە دەرحەق بە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان وگەلانی دیکەی ئێران بە دەستی رێژیم دەکرێ.. ناوبراو داوای لە بەرپرسانی وڵاتی فینلەند کرد کە لە رێگای سیاسەتی فەرمیی وڵات، رێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و لە نێوخۆ و دەرەوە هاوکاری خەڵکی ئێران وبە تایبەت کوردەکان بکەن. خاتوو مییا لاهتی لە سەر تێکهەڵچوونی هێزی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پرسی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان پرسیاری کرد. لەو پێوەندییەدا سکرتێری گشتیی حیزب رایگەیاند کە خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی ئامانجە رەواکانیاندا درێژەی هەیە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم پێناوەدا ئامادەی هەر جۆرە فیداکاریی و حزوورێکە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە سەر پرسی رێفراندۆمی باشووری کوردستان روانگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی شیکردەوە و گوتی” ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات باوەڕمان بە مافی گەلان هەیە، بە باوەڕی ئێمە کورد لە عێڕاقدا مافی خۆیەتی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات. بەرپرسی تیمی کەنداوی فارس، لە یەکەی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فینلەند لەو دیدارەدا رایگەیاند، کە ئەوان لە ریگای باڵوێزەکەیان لە تاران، دیدار لە گەڵ وەڤدەکان و مێدیا، زانیاری لە سەر بارودۆخی ئێران و بە تایبەت کورد کۆدەکەنەوە. ئەوان دەزانن کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە سەردەمی رۆحانیدا لە ڕابردوو خەراپترە و رێژەی ئێعدام و لە سێدارەدان زیاتر بووە. ناوبروا لە درێژە دا وتی: ئێمە گوێ لە خەم و داوکارییەکانتان دەگرین و بۆ داودەزگا پەیوەندیدارەکانی رەوانە دەکەین. خاتوو سۆفی ساندسترۆم، پرسی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستاندا و هەروەها باشترکردنی مافی ژنان و کچانی بەرز نەرخاند. خاتوو سۆفی هیواداری خواست کە بە هیممەتی خەڵک و خەباتی هەمەگیر، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و مرۆڤەکان ئاسودە بژین. سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکەی ‌دا باسی لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ هەئیەتی خانەخۆی کردو هیوای خواست کە کۆڕوکۆمەڵە جیهانی و مرۆڤدۆستەکانی بە جیدی ئاوڕ لە پرسی کورد بدەنەوە. ئەو دیدارە کاتژمێر و نیوێکی خایاند و خاتوو مییا و سۆفی سپاسی خۆیان بۆ وەڤدی میوان دەربڕی.