کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی یەکەم رۆژی هەشتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

01:25 - 3 خەرمانان 2717

پاش‌نیوەڕۆی رۆژی پێنجەشەممە ٢ی خەرمانان لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فەرمی هەشتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. سەرەتا هەیئەتی بەڕێوەبەریی  بە پێشکەش کردنی پێشەکییەک کاری یەکەم دانیشتنی کۆنگرەی ڕاگەیاند. یەکەم بڕگە تەرخان کرا بوو بۆ ئەوەی کە بۆ چەند کەس لە مێوانەکان کە بتوانن بە مافی دەنگدان یان بە بێمافی دەنگدان لە کۆنگرە بەشدار بن ، ئەو پرسە خرایە دەستووری کار و دەنگی بۆ وەرگیرا. زۆرینەی بەشداربووان دەنگیان بەوە دا ، کە چەند کەس لە میوانانی بەشدار، بە مافی دەنگدان لە گەڵ کۆنگرە بمێننەوە. لە درێژەی کاری کۆنگرە ، لە لایەن  پێشەوا عەلیپوور ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی هەشتەمی لاوان پێشکەش کرا. ئەو ڕاپۆرتە بە وردی مێژووی سیاسی و رووداوەکانی نزیک بە ٦ساڵ لەمەوپێشی  لە ئاستی جیهان و کاریگەرییەکانی بەسەر ناوچە و دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  وێڕای باس کردن  ، هەڵسەنگاندنی بۆ کرد بوو. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتە سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ، کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران کە کوردستانیشی دەگرتەوە باس کرا بوو. ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی هەشتەم بە سەرنجدان  بە هەلومەرجی  سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەی ئێران و گرفت و کێشەکانی سەرڕێی  کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی چینی لاوان، بۆ کاراتر کردنی لاوان و چالاکیی ڕیکخراوەیی چەند پرسیاری ئاراستەی بەشدارانی کۆنگرە کرد و، پاشان چەند کەس لە ئامادەبووان تێبینی و پرسیار و سەرەنجی خۆیانیان بۆ پۆخت‌تر کردنی ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی هەشتەم  باس کرد. دوای پشوویەکی کورت ، یەکەم رۆژی کۆنگرەی لاوان، کاتژمێر 5ونیوی پاشنیوەڕۆ بە ئامادەبوونی ئەندامان و مێوانانی کۆنگرە درێژەی بە کارەکانی خۆی دا. لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوان، سامان فەقێ نەبی سکرتێری پێشووی ئەو یەکیەتییە، لە سەر کاروباری یەکیەتیی لاوانی  دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاستی توانایەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، بە باس کردن لە ئەزموونی چەند ساڵەی ئەندام بوون و بەرپرسایەتیی خۆی ، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی خستەڕوو. دواتر پێشەوا عەلیپوور بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی هەشتەمی لە سەر بنەمای تێبینی ئامادەبووان و بەشداربووانی کۆنگرە خوێندەوەو، پاشان خرایە دەنگدانەوە، ئەو ڕاپۆرتە بە دەنگی زۆرینەوە پەسند کرا. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا چوار کۆمیسیۆن بە ئەندامەکانییەوە بۆ  ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆنگرە دەسنیشان کران . ئەو چوار کۆمیسیۆنە بریتین لە: کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن، کۆمیسیۆنی ڕەخنەو پیشنیار، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی پەیام. شایانی باسە رۆژی هەینی ٣ی خەرمانان  دوویەمین رۆژی کاری کۆنگرە درێژەی دەبێ.