کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار و چاوپێککەوتنی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد

07:39 - 4 خەرمانان 2717

دوانیوەڕۆی رۆژی ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠١٧ مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد کۆبۆوە و سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی قسەی بۆ بەرپرسانی ئەم بەشەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئێد کرد. سکرتێری حیزب بە روونی باسی پەراوێزخستنی کورد و سوننی‌یەکان و ژنانی لە ئێران کرد کە بە پێی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆر مافی خۆیان بێبەش کراون . نوێنەرانی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد وێڕای پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی سکرتێری گشتی حیزب سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پەڕاوێزخستنی کورد و سوننی و ژنان و کەمەنەتەوەیی و ئایینیەکانی جێگیر لە ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێوەندییەکانی سوئێد و کۆماری ئیسلامیی نابێ ببێتە هۆی ئەوەی سوئێد چاوپۆشی لەو پیشێلکارییانە بکا و لە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی ئەو باسانە نەهێننە گۆڕی. ئەوان گوتیان سەرکۆمار رووحانی بەڵێنی زۆر دەدا و هیچیان جێبەجێ ناکا. کۆبوونەوەکە دوای زیاتر لە کاتژمێرێک لە بینای وەزارەتی دەرەوەی سوئێد کۆتایی پێهات و هەردوو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە لە داهاتوودا زیاتر ئاڵوگۆڕی زانیاری پێکەوە بکەن. وەفدی هاوڕیی سکرتێری گشتیی حیزب لەو دیدارەدا بریتی بوون لە بەڕیزان: کەماڵ گروێسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئێد، ئارێز رەمەزانی بەرپرسی پێوەندییە سوئێدییەکانی حیزب لە سوئێد، هەروەها کاک رەحمان خالیدنژاد بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند کە بە سەردان لە سوئێد بوو.