کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێورەسمێک بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

06:41 - 5 خەرمانان 2717

دوای  کۆتایی هاتنی هەشتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە رۆژانی ٢ و ٣ی خەرمانان  گیرا،پاش‌نیوەڕۆی رۆژی شەممە لە ڕێوڕەسمێک جێژنی کۆتایی هاتنی هەشتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوان،  لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو. سەرەتا بە ماڕشی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی لاوی  ڕیگای ئازادی کورد و کوردستان،  ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. پاشان پێشکەشکار،  شەونم هەمزیی ئاکامی کۆنگرە و سەر لەنوێ هەڵبژاردنی پێشەوا عەلیپووری وەکوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە  بە بەشداران ڕاگەیاند. دواتر سکرتێری هەڵبژێردراو، پێشەوا عەلیپوور چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو لە قسەکانی‌دا کە ڕووبە لاوانی خوێنگەرمیی رۆژهەڵاتی کوردستان ، کۆمەڵێک خاڵی باس کردو، لە بەشێک لە قسەکانی‌دا ڕایگەیاند: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ڕێچکەی خەبات وتێکۆشانی حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدان و تێکۆشەرانی ڕێبازی نەتەوەخوازیی و ئازادیی گەلی کورد، بە بەستنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووانە و هاتنە مەیدانی لاوانی تێکۆشەری دێموکرات، بە ورەتر وبە هەست‌تر لە جاران درێژ بە تێکۆشانی خۆی دەدا. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە‌دا، لەوحەی رێزلێنان بە چەندین کەس لە هاوکاران و پشتیوانانی یەکیەتیی لاوان و بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆنگرە هاوکارو پاڵپشتی یەکیەتیی لاوان بوون بەخشرا. دواتر یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ،  نیشتەجێی لە وڵاتی نوروێژ هاوڕێ جەعفەر ڕەسووڵی چەند وتەیەکی لەسەر کاروچالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. دواتر دوکتور ئاسۆحەسەن زادە جێگر سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەڵاتێک کە ئەندامانی ئەو یەکیەتییە ئامادەیان کردبوو بە سکرتێری هەڵبژێردراوی یەکیەتیی لاوان بەخشی. دوا بڕگەی ڕیوڕەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گۆرانی و هەڵپەرکێی گشتی کۆتایی پێهات.