کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سه‌ردانی دوکتور مه‌حمود عوسمان له سکرتاریای حدک

04:46 - 23 خەرمانان 2717

له دیداری نێوان د. مه‌حمود عوسمان و هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا دوایین رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه و پارچه‌کانی کوردستان به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان له به‌ره‌به‌ری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی تاوتوێ کرا. دوانیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه، ١٣ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی (٢٢ی خه‌رمانانی ١٣٩٦ی هه‌تاوی)، دوکتور مه‌حمود عوسمان که‌سایه‌تیی سیاسیی ناسراوی باشووری کوردستان بۆ دیدار نوێ کردنه‌وه‌ و گفتگۆ سه‌ردانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێكی ئه‌م حیزبه به‌ سه‌رپه‌رستیی به‌ڕێز کاک جه‌لیل گادانی که‌سایه‌تیی دیاری رۆژهه‌ڵات و حیزبی دێموکڕاته‌وه پێشوازیی لێ کرا. له دیدارێكی دۆستانه‌دا هه‌ردوولا دوایین رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه‌ و ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان و دۆخی بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌به‌ر رووناکایی ئه‌م بارودۆخه‌یان تاوتوێ کرد. ته‌وه‌رێکی گرینگی ئه‌م گفتگۆیه پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له باشووری کوردستان و ده‌ره‌نجام و دژکرده‌وه‌کان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره بوو. له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ردوولا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون که به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شانه‌ که نه‌یارانی کورد له‌و پێوه‌ندییه‌دا دروستی ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه‌ڕوو، یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی کورد به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستان له هه‌موو کاتێک زه‌روورتره. له به‌شێكی دیکه‌ی باس و خواسه‌کاندا سه‌باره‌ت به بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دوایین رووداوه‌کانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان ئاڵوگۆڕی زانیاری و بیروڕا کرا. د. مه‌حمود عوسمان وه‌ک هه‌میشه په‌یامی برایه‌تی و هاوپێوه‌ندیی خۆی گه‌یانده‌وه حیزبی دێموکڕات و هه‌یئه‌تی حیزبیش قه‌درزانی و ئه‌مه‌گناسیی حیزبی له‌و پێوه‌ندییه‌دا دووباره کرده‌وه.