کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕژیم لە دانمارک

21:27 - 23 خەرمانان 2717

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۲ی سپتامبری ۲۰۱۷ی زایینی خۆپێشاندانێک بە مەبەستی مەحکوم کردنی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتی دانمارک و بە بەشداری ڕەوەندی کوردی لە دانمارک و ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە کوردییەکان وهێزە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان لە بەردەم سفارەتی ئێران بەڕێوە چوو. خۆپێشاندانەکە کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان پەیامی فیدڕاسێون بە زمانی دانمارکی لە لایەن بەڕێز ئیلماز ییڵدز ئەندامی فیدڕاسیۆن خوێندرایەوە و پاشان بەیاننامەی فیدڕاسیۆن و خۆپێشاندەران بە زمانی کوردی له لایەن بەڕێز خالید ڕەواندووست بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک خوێندراوە. لە پەیامەکە دا وێڕای ئاماژە بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ڵایەن هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی و گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن و بە سەردا سەپاندنی حوکمی زیندانی درێژ خایەن بە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی دا تیشک خرابووە سەرکوشتنی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستە و خۆی هێزە سەرکوتکەری ڕژیمی ئیسلامی و تاڵان کردنی ماڵ و سامانی کۆڵبەران و کوشتنی ئەسپەکانیان. له بەیاننامەکە دا وێڕای مەحکوم کردنی کردەوەی قێزەونی کوشتنی کۆڵبەران و تاڵانی ماڵ و سامانی کەمیان پشتیوانی لە ڕاپەرین و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان کرابوو هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە کردەوە دژی ئینسانیەکانی کۆماری ئیسلامی بخەنە گەڕ. خۆپێشاندەران بە خوێندەوەی سروودی شۆڕشگێڕی وگوتنەوەی دەیان درووشمی دژ بە ڕژیم ناڕەزایەتی توندی خۆیان دژ بەو ڕژیمە دەربڕی. خۆپێشاندانەکە کاتژمێر ٦ی دوای نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.