کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٥هەمین ساڵیادی شەهید کرانیان دا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە پێرلاشێز لە سەر گڵکۆی شەهیدانی میکۆنووس کۆبوونەوە

23:27 - 26 خەرمانان 2717

ڕۆژی شەممە ١٦ی سێپتەمبری ٢٠١٧ی زایینی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لایەنگران و دۆستانی حزب لە شاری پاریس بۆ بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی شەهیدانی تێرۆری میکۆنووس، دکتۆر سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدوولی، هومایوون ئەردەڵا و نوری دێهکوردی، کە لە ١٧ سێپتەمبری ١٩٩٢ بەدەستی تیرۆریستەکانیی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، لە پێرلاشێز کۆبوونەوە. ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب و خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و تاجەگوڵینەیەک لەلایەن د.تیسۆ و مامۆستا عەزیز و هاوڕێ زاهد قادر حاجی لەسەر مەزاری شەهیدان د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دانرا. پێشکەشکاری بەرنامەکە خاتوو شەیدا وجدانی پاش خوێندنەوەی کۆپلە شیعرێک داوای لە خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی کرد کە وتارێک پێشکەش بکات. خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان لە وتارەکەی خۆیدا پێداگری کرد لەسەر "زیندووڕاگرتنی ڕۆژە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژانەی بە مانەوەی خەبات و ڕەمزی سەرکەوتن زانی. ناوبراو پاش ئەوەی دەربارەی سیفەتە مرۆیی و شۆڕشگێڕییەکانی شەهیدی ڕێبەری نەتەوەی کورد دکتۆر محەمەد سادق شەرەفکەندی دوا. پاشان ئاوڕی دایەوە سەر چۆنیەتی تێرۆری میکۆنووس و ئاماژەی بە گرنگی دادگای میکونوس کرد و گوتی: "یەکەم دادگا بوو هەتا کۆتایی ڕوونکردنەوەی دەستی تیرۆریستان درێژەی بەکارەکانی دا و بووە هۆی مەحکوومییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیتر ئەم حکوومەتە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەستی تیرۆری لە ئەورووپا قەتع کرا". ئەو لە کۆتاییدا باسی ئەوەی کرد دکتۆر شەرەفکەندی هەوڵێکی زۆری بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی بەرهەڵستکاریی ئێرانی دا و ئێمە دەبێ درێژەدەری ئەو پەیامە بین. پاشان دکتۆر فرێدریک تیسۆ، یار و یاوەری شەهیدان دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی کە هەمیشە پشتیوانی بەرخۆدانی نەتەوەی کوردە، وتارێکی لەبارەی دۆخی کورد و سیفەتە بەرزەکانی دکتۆر شەرەفکەندییەوە ئاراستەی میوانان و بەشداربووان کرد. دکتۆر فرێدریک تیسۆ کۆنسوولی پێشووی فەڕەنسا لە هەولێر خەمی خۆی لەبارەی دوو دیموکراتەوە نەشاردەوە و هیوای خواست هەرچی زووتر دیموکراتەکان یەکبگرنەوە و زۆر پێداگریی لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی کورد کردەوە و گوتی: "ئەگەر کورد ماڵی یەک بێت و هەمووان یەکگرتوو بن بەئاواتەکانتان دەگەن". ناوبراو زۆر وەسفی ژیان و بەسەرهاتی دکتۆر شەرەفکەندی کرد و گوتی: "وەسیەتم کردووە لە تەنیشت دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندییەوە بمنێژن". لە درێژەی ڕێوڕەسمی ٢٥ ساڵەی شەهیدانی میکۆنووس، پەیامی کۆمیتەی سوئیس لەلایەن هاوڕێ ڕێبوار سەردەشتییەوە خوێنرایەوە کە باسی لە ژیاننامە و چۆنیەتی شەهیدکرانی دکتۆر شەرەفکەندی دەکرد و پەیمانیان نوێ کردەوە هەمیشە درێژەدەری ڕێگەی پڕشانازیی کوردایەتی و حزبی دیموکراتی کوردستان و شەهیدان بن. هاوڕێ ئازاد مستۆفی یەکێکی تر لە بەشداربووانی ئەم یادە بوو کە باسێکی کورتی لەسەر پڕەنسیبەکانی ئەخلاقیی دکتۆر شەرەفکەندی و درێژەدانی ڕێگەی پیرۆزی لەلایەن نەوەی نوێوە کرد و بەخێرهاتنی دکتۆر فرێدریک تیسۆ دۆستی حزبی دیموکراتی کوردستان و کاک ڕەئوف کەعبی لە "سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران" و کاک فەیسەل تاسکیران لە "پارتی ئازادی کوردستان"ی باکوور کرد. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێ عەلی سوورەچۆمی پارچە شیعرێکی بەم بۆنەوە خوێندەوە و هیوای درێژەدان و یەکێتیی و یەکگرتوویی خواست. ئەو ڕێوڕەسمە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ، لەگەڵ نوێکردنەوەی پەیمان بەڵێن بە خوێنی شەهیدانی ڕێبەر و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کوردستان کۆتایی پێ هات. پێویست بە ئاماژەیە کە بەشێکی بەرچاو لە هاوڕێیانی حیزبی، سەدان کیلۆمەتر لە وڵاتی سویسەوە بۆ بەشداری لەو ڕیورەسمە دا بەرەو پاریس ڕێیان بڕیبوو، کە جێی خۆیەتی لێرەوە سپاسی خۆمانیان پێشکەش بکەین.