کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەشداریی ٣ حیزبی ڕۆژهەڵاتی، خۆپیشاندانێک لە بەردەم باڵویزخانەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە نۆروێژ بەڕێوە چوو

04:16 - 3 رەزبەر 2717

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی خۆپێشاندانێک لە لایەن کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو. سەرەتا لە لایەن ئیبراهیم کۆنەپۆشی،یەوە بەخێرهاتنی بەشدار بووان کرا و ئامانج لە خۆپێشاندانەکە بۆ بەشداربووان روون کرایەوە. دواتر مەحموود یوسفی پەیامی هاوبەشی حیزبەکانی خوێندەوە کە تێیدا باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئازادییە بنەرەتییەکان، کوژرانی کۆڵبەران، گرتن و زیندانی کردنی چالاکانی مەدەنی و خۆپێشاندەران، بەربەست دروستکردن بۆ چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و کۆمەڵێک بابەتی تر کرابوو. بەڕێزیان رایگەیاند کە تا دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و خۆشبژێوی بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، حیزبی دێموکراتی کوردستان، سازمانی خەبات و کۆمەڵە درێژە بە کارو تێکۆشانی هاوبەش دەدەن و لە سەر هەستن بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی کۆڵبەران، زەحمەتکێشان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان. هەروەها هەمان پەیام بە زمانی فارسی لە لایەن کاک شەهاب مەحموودی"یەوە بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە، جگە لەو بەڕێزانە کە بە نوێنەرایەتی سێ حیزبەکە قسەیان کرد، پارتی سەربەستی کوردستان، رێکخراوی یاری کورد- یارسان، کەریم ئەڵڵاوەیسی چالاکی سیاسیی، زانیار کرماشانی، چالاکی مەدەنی وتاریان خوێندەوە. هەروەها پێشمەرگەی دێرین رەسوول پەناهی سروودێکی شۆرشگێڕانەی پێشکەش کرد. جگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵە و سازمانی خەبات کە پێکهێنەری ئەو خۆپێشاندانە بوون، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، رێکخراوی یاری کورد- یارسان، کومیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە نۆروێژ بەشداری ئەو چالاکییە بوون.