کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی هاتنی دەورەی ٢٢٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە بناری هەڵگورد

15:42 - 13 رەزبەر 2717

پۆلێکی دیکە لە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای تێپەڕ کردنی  سەرکەوتووانەی دەورەی ٢٢٤ی سیاسی – نیزامیی پێشمەرگایەتی،  جلی پیرۆزی پێشمەرگانەیان لەبەر کرد. رۆژی چوارشەممە ١٢ی  ڕەزبەر، خولی ٢٢٤ی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی هات و، بەم‌جۆرە پۆلێکی دیکە لە لاوانی رۆژهەلاتی کوردستان پەیوەست بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون. لە ڕێوڕەسمێک کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی خولی ٢٢٤ی سەرەتایی پێشمەرگە بە هاوکاریی فێرگەی سیاسی- نیزامیی و کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان  بەڕێوەچوو، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە لاوانی تازە پەیوەست‌بوو بە ریزی پێشمەرگایەتی، لەگەڵ ڕێگە و ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ کرایەوە. سەرەتا سروودی نەتەوایەتی”ئەی رەقیب" لە داوێنی شاخەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەنگی دایەوەو پاشان پێشمەرگەکانی دەورەی ٢٢٤ بە رێژە و مەشقی نیزامییەوە ئامادەگیی خۆیانیان بۆ تێکۆشان و خەبات لە پێناوی ئازادی و سەروەری نەتەوەکەیان دەربڕی و لە لایەن کادرو پێشمەرگەکانی ئامادەبوو لەو رێورەسمە‌دا بە چەپڵەرێزانەوە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی ڕێز لە یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان گیرا. لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، لەلایەن بەڕێز خدر محەممەدپەسندی، پێشکەشکاری مەراسمەکەوە، داوا لە بەڕێز برایم چووکەڵی بەرپرسی فێرگەی  سیاسی- نیزامیی حدک، کرا تاکوو لەو پێوەندییەدا چەند وتەیەک پێشکەش بە ئامادەبوان بکا. برایم چووکەڵی لە پەیامەکەی‌دا بە ئاوڕدانەوەیەک لە پەروەردە و ڕاهێنان لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر گرینگی و رۆڵی پێشمەرگە وەکوو سیمبۆلی خۆڕاگریی و کاراکتەری بەهێزی نێو گوڕەپانی تێکۆشان و خەبات لەو بارەوە وتی: " فێرکردن و پەروەردە وەک بنچینەیەکی گرینگی کاری حیزبیکی سیاسی و شۆڕشگێڕ لە جوولانە‌وەدا، دەبێ لەبەرچاو بگیرێ و بایەخی خۆی پێ بدرێ. هەموو تاکێک لە هەموو قوناغەکانی ژیان و پێشکەوتنی بەردەوامی کۆمەڵدا پێوێستی بە فێربوون هەیە و لە ڕێگای فێربوونەوە دەتوانێ بەسەر کۆسپ و کەندەکان سەرکەوێ و، هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، بە هەست‌کردن بەو ڕاستییە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی‌دا، لە مێژە  قۆڵی هەڵماڵیوە و فێرکردن و بارهێنانی کردۆتە ئامانجێکی سەرەکی. برایم چووکەڵی لە درێژەی پایەمەکەی خۆی‌دا بە سەرنج‌دان بە هەلومەرجی ئێستای ئێران و جموجۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پێوەندییەش‌دا وتی: "ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە هەلومەرجی ئێستای ئیران بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو وڵاتە لە باری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتییەوە لە بارودۆخی خراپ و نائاسایی دایە، لە کوردستان فەزایەکی ئەمنییەتی پڕ لە زەبروزەنگ زاڵە و کوردستان وەکوو مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوی لێ‌دەکرێ. هەروەها ناوبراو لە کۆتایی قسەکانی دا دوو رووداوی گرینگی ئەم دواییانەی باشووری کوردستانی وەبیری ئامادەبووان هێنایەوە، یەکەم؛ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کە رۆژی سێی ڕەزبەر سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و دووهەم ڕووداویش کۆچی‌دوایی تێکۆشەر و دیپلۆماتی ناوداری کورد، مام جەلال تاڵەبانی بوو. شایانی باسە برایم چووکەڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بە ئاماژەدان بە پاڵپشتی کردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، هاتنەسەر شەقام و دەنگ هەڵبڕینی گەلی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرزنرخاند. دوای وتەکانی بەرپرسی سیاسی، نیزامیی حیزب،  چەند کەس لە بەشدارانی دەورە بە هاوکاری بارزان زارعی سروودێکیان پێشکەش کرد. پاشان پەیامی مامۆستایان و بەشدارانی فێرگە، لە لایەن سەیوان عارفی‌پوورەو خوێندرایەوە. پەیامی مامۆستایانی فێرگە ئاماژەیەکی کورت بوو بە وانەکانی فێرگەی سیاسی و نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. دەنگدانەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی" بە دەنگی سلێمان کەوتەری و پولێک لە بەشدارانی دەورە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو. لە درێژەی ڕیوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی سەرەتایی ٢٢٤ پێشمەرگە، پەیامی بەشدارانی فێرگە لە لایەن یوونس بایزیدی  پێشکەش کرا، خوێندنی چەند پارچە شێعر و گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێی گشتی دوا بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو.