کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حدک، لە ڕێوڕەسمی پرسەی مامۆستا کەریم زەند

23:27 - 20 رەزبەر 2717

پاشنێوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر شاندێکی حیزبی دێموکراتی کورستان بە سەرپەرەستی کاک جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرین و دۆستی خوالێخۆشبوو مامۆستا کەریم زەند لە رێوەڕەسمی ماتەمینی مامۆستا کەریم زەند بەشدارییان کرد. لەو ڕێوڕەسمە کە لە مزگەوتی پێشەوا قازی محەممەدی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەنزیکەوە  لە گەڵ خێزان و خزم و کەسوکاری مامۆستا کەریم زەند هاوخەمییان دەربڕی و پەیامی ئەمەگناسی و وەفاداریی تێکۆشەرانی دێموکراتیان بۆ تەمەنێک خزمەتی بێ‌وچانی ئەو مێژوونووس و جوغرافیازانە، کە بە یادگاری کۆماری کوردستانیش ناسراوە ڕاگەیاند. شیاوی باسە بنەماڵەی بەڕێز مامۆستا کەریم بە گەرمیی پێشوازییان لە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. جێی وەبیرهێنانەوەی مێژوونووس و گەڕیدەو نووسەری پڕخزمەت مامۆستا کەریم زەند کە بەتەواویی ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ خزمەت بە بواری مێژوو و جوغرافیا و زمانی نەتەوەکەی و، شوێن و ناوچەکانی کوردستانی گەورەی بە هەوڵ وماندووبوون خۆی تۆمار کرد و گەنجینەیەکی بەنرخی بۆ ئێستاو نەوەی داهاتوو بە یادگار بەجێهێشتووە. هەروەها ئەو نووسەرە هەڵکەوتووە هاوکات لە گەڵ کۆماری کوردستان لەو  قوناخە زێڕینە بەشدار دەبێ و، شانازیی یەکەم مامۆستای وانەی کوردیی لە قوتابخانەی گەلاوێژ پێ‌دەبخشرێ. مامۆستاکەریم زەند دوای تەمەنێک خزمەتی ماندوویی‌نەناسانە سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە ١٨ی ڕەزبەر لە تەمەنی ٩٣ ساڵەی‌دا ماڵاوایی لە ژیان کردو، لە گۆڕستانی گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردرا.