کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی ح د ک لە پرسەی سەرۆک مام جەلال لە وڵاتی دانمارک

05:23 - 24 رەزبەر 2717

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱٤ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ی زایینی کۆمیتەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق و سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتمانی و تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و رێبەری کاریزمای کورد کۆڕێکی پرسە و ماتەمینی لە شاری برۆندبی سەر بە کۆپنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک پێک هێنا. کۆڕەکە کاتژمێر۱ی پاشنیوەڕۆ بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆری ڕەوەندی کوردی و نوێنەر وئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵە کولتوریەکانی کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان نیشتەجێ لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو. سەرەتا پەیامی کۆمیتەی دانمارکی یەکیەتی نیشتمانی بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە کە تێیدا وێڕای ئاماژە بە دەور و گەورەیی و زانایی و لێهاتوویی سەرۆک مام جەلال بە خێرهاتن و سپاسی بەشداربووان کرابوو. شاندێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک بە سەرپەرستی بەڕێز خالید ڕەواندووست بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەوڵاتی دانمارک بەشداری کۆڕی ماتە مینەکە بوون و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفایان بۆ ڕێز گرتن لە دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی بەڕێز مام جەلال لە بەردەم وێنەی ئەو ڕێبەرە تێکۆشەری کورد دا دانا و پەیامی هاوخەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال بە بەرپرسانی کۆمیتەی یەکیەتی نیشتمانی ڕاگەیاند. شایانی باسە بەشداری شاندی حیزب له لایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.