کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری بەرچاوی ئەندامانی ح د ک لە سویس بۆ ڕیسوا کردنی ئەو هێرشانەی کرایە سەر باشوری کوردستان

21:56 - 28 رەزبەر 2717

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ ئۆکتۆبری ٢٠١٧ کاتژمێر ٢ی پاش نیوەرۆ کوردستانیانی دانیشتوی ولاتی سویس لە ناوەندی شاری بێرن، پێتەختی وڵاتی سویس، بە مەبەستی شەرمەزار کردنی هێرشی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بە هاوکاری سپای قودسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندانێکیان پێکهێنا. خۆپیشاندەرانی بەشدار لە خۆپێشاندانەکە کە لە ئەندامانی ئەحزاب و کەسایەتی سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێک هاتبوون جەختیان کردەوە لەسەر زیاتر لێک نیزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان و یەکگرتویی زیاتری گەلەکەمان . هەروەها لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ولاتی سویس هاوڕێ زاهیر قادرحاجی پەیامی حیزبی دێموکرات گەیێندرا دوکتور فەوزی نۆینەرایەتی حکومەتی هەریم . لەو پەیامەدا داوای پاراستنی یەکرێزی و یەکدەنگی هەموو هێزە کوردستانییەکان کرابوو و هەروەها پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات دووپات کرابووەوە بۆ مافی ڕەوای گەلەکەمان لە باشوور بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی. هەر ئەو پەیامە لە لایەن خاتوو شەیدای خاڵەنژاد بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکانی کومیتەوە خۆیندرایەوە. هەر لەو خۆپێشاندانە دا لە لایەن کوردانی دانیشتوی ولاتی سویس کۆمیتەیەک پێک هات کە سەردانی باڵوێزخانەی ولاتانی وەک ئەمریکا،ئاڵمان، فەرانسە، ئیسرائل و عەرەبستان بکەن بۆ گەیاندنی دەنگی ڕەوای کورد لە باشوور. پێویست بە ئاماژەیە کە لەو خۆپیشاندانە دا تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات کاک ئەحمەدی شێربەگی، بێژەری سەردەمانی شاخی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، بە گوتنەوەی درووشم ئەو دەستدرێژییانەی بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان ڕیسوا و مەحکووم کرد و درووشمەکان لە لایەن بەشدارانەوە بە دەنگی بەرز دەگووترانەوە.