کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حدک لە گەڵ بەشێک لە ژنانی تێکۆشەری دێمواکرت کۆبووە.

19:35 - 30 رەزبەر 2717

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەر کۆبوونەوەیەک بۆ بەڕێز مستەفا مەولوودی سەبارەت بە کۆمەڵێک باسی سیاسی و تەشکیلاتی بەڕێوەچوو. تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی بەرچاو روونی بەخشین و هەروەها خستنەرووی هێندێک باس و بابەتی ئەمرۆی کوردستان بۆ سکرتێری گشتیی حیزب و بەشێک لە ژنانی تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی  کوردستانی  پێکهێنا. مستەفامەولوودی سەرەتا ئاورێکی لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان  دایەوەو لە هەمبەر شێوەی هەڵسوکەوت کردنی سەرجەم ئەندامانی حیزبی بەرانبەر بەو رووداوانە، بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەری دێموکرات چەند خاڵێکی گرینگی باس کرد و لەو پێوەندییە‌دا بۆ بەشداران دوا. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باس کردن لە تازەترین گۆڕانکارییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان ، بەتایبەتی دوای بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، لەو بارەوە وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان  بە مێژووی خۆی سەلماندویەتی کە بە پێی توانای خۆی ، هەمووکات لە هەمبەر خەم و خۆشەییەکانی براو خوشکەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان  و مەسەلە سیاسییەکان بە مەسئولییەتەوە هەڵوێستی هەبووە و هیچکاتیش کەمکاریی و زێدەڕەوی نەکردووە. لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ڕیفڕاندۆم حیزبی دێموکراتی کوردستان چ لە کاتی بەڕیوەچوونی گشتپرسی و، چ دوای بەڕێوەچوونی لە ڕاگەیاندنەکانی‌دا ڕێزی لە ئیرادە و ویستی گەلی کورد لە باشووری کوردستان گرت و پشتیوانی خۆی دەربڕی. ناوبراو بە سەرنجدان بە تێچووەکان و پێشهاتەکانی دوای گستپرسی و ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی کە ئێستا هاتووتە ئاراوە وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان بە وردی سەرنجی ئەم رووداوانەی داوەو بە هەڵسەنگاندنی خۆی تەنانەت بە بەرپرسانی هەرێمیش ڕایگەیاندوە کە وەکوو حیزب ئامادەین بۆ هەرجۆرە پاڵپشتییەک لە خاک و کیانی باشووری کوردستان. بەڕێزیان لە دڕێژەی قسەکانی‌دا باسی لە ئەگەرەکانی  درێژخایەنی ئاڵۆزییەکانی هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کرد و  لەو بارەوە کۆمەڵێک ڕێنوێنی ئەمنی و تەشکیلاتی باس کرد. ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی ئازایەتی ژنان و دایکانی دێموکرات لە خەباتی شاخ و هەروەها لە قوناخەکانی دیکەی خەبات،  پێگەی خۆڕاگریی و وەرە بەخشی ژنانی تێکۆشەری لە حیزبی دێموکرات  بەرزنرخاند. لە بەشی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەدا، چدند کەس لە ژنانی دێموکرات، پرسیار و تێبینی خۆیان باس کرد و، دواتر  لە لایەن سکرتێری حیزبەوە وەڵامدرانەوە