کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری دەفتەری سیاسی هەر دوو حیزبی دێموکرات

19:41 - 3 خەزەڵوەر 2717

رۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەردوو حیزبی دێموکرات بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان و پێوەندییەکانی بە حیزبە رۆژهەڵاتییەکانەوە پێکهات. ئەو کۆبوونەوە کە لەسەر داوای حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هاتبوو، دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەر پەرەستی سکرتێری گشتیی حیزب، مستەفا مەولوودی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کردو، لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێر و ئەندامانی دەفتەری سیاسی حدکاوە پێشوازییان لێکرا. لەو دانیشتنە هاوبەشەدا هەر دوو حیزبی دێموکرات بە خستنەبەر باسی رووداوەکانی ئەم دواییانەو، پێشهاتەکانی باشووری کوردستان ، بەتایبەتی هێرشی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و کاردانەوەکان لەو بارەوە ئاڵوگۆڕی بیرو ڕایان کرد. هەردوو حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەدا بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستا و ئەرکە هاوبەشەکانی هەر دوو لایەن بە نیسبەت ئێستا و داهاتوو ، دوای باسێکی ورد، لە سەر چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک خاڵی پێوەندی‌دار ڕێککەوتن. شایانی باسە هەر دوو حیزبی دێموکرات بۆ هاتنە ئارای هەرچەشنە ئەگەرێک لە هەلومەرجی ئێستاکەی باشووری کوردستان ، ئورگانە پێوەندیدارەکانی هەردوولایان ڕاسپارد بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش و جێبەجێکردنیان.