کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی کوردستانیانی نێشتەجێی بریتانیا لە بەردەم باڵویزخانەی ئێران لە لەندەن

01:12 - 13 خەزەڵوەر 2717

لە درێژەی کارو چالاکیەکانی کوردانی دانیشتووی بریتانیا، لە لەندەن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەباشووری کوردستان، ئەمرۆ رێکەوتی ٣ی نوامبری ٢٠١٧ کاتژمێری ٩ی سەرلەبەیانی خۆپێشاندانێک لەبەردەرگای باڵوێزخانەی ڕژیمی تێرۆریستی ئێران بەڕێوەچوو. ئەو خۆپێشاندانە بۆ ڕێسوا  کردنی دەستێوەردان و هێرشەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و دەستە و تاقمە گێردراوەکانی ئەو ڕژیمە بۆسەر باشووری کوردستان و پشتگیری پێشـمەرگەی کوردستان ڕێکخرا بوو. هاوکات لەگەڵ ڕیسوا کردنی دەستدرێژی حەشدی شیعە و بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر باشوور، خۆپێشاندانەدەران پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان بە توندی مەحکووم کرد و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە لە جیاتی دانوستان کردن لەگەڵ حکومەتی دژی ئازادی تاران، ئاوڕ لە پێشێلکارییەکانی ئەو ڕژیمە دژ بە مافی مرۆڤ و پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان بدەنەوە. بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا، لە وتووێژێک دا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو کە راستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە، باسی لە سەرەڕوویی و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی ئێران و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گووتی: لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی سەدان زیندانی سیاسی کوردمان هەیە کە  ١٩ کەسیان زیندانی سیاسی ژنن و ٢١ کەسیان سزای ئێعدامیان بە سەر دا سەپێندراوە. لە نێو زیندانیانی سیاسی جیگای خۆیەتی قەدردانی بکەین لە کاک مەحمەد نەزەری کە ٢٤ ساڵە لە چالەرەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دایەوە و ئەمرۆ ٩٥ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە و ژیانی لەبارودۆخێکی زۆر خەراپ دایە، کاک رامین شەریفی چارەنووسی دیار نیە و کەمال شەریفی ١٠ سالە گیراوە و ئیجازەی هیچ جۆرە چاوپێکەوتن و دیدارێكی لەگەڵ بنەماڵەی نیە. خاتوو زێنەب جەلالیان ماوەی ١٠ ساڵە گیراوە و لە خەراپترین بارودۆخی جەستەیی و ژیان دایە. ڕژیمی دژی ئازادی ئیسلامی ئێران هیچکات چاوی بە خۆشی و شادی گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد هەڵنەهاتووە، هەر بۆیە پاش ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ خۆشی دەربڕین ڕژانە سەر شەقامەکان، ڕۆژانی دواتر لە لایەن بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتەوە هێرشیان کرایە سەر سەدان کەسیان گرت و ئێستا لە ژێر ئەشکەنجە و لێدان دان و تەنانەت کۆمەڵێکیان بێ سەروشوێنن. پێویست بە گوتنە کە لە سەرەتای پایزی ئەم ساڵەوە تاکو ئیستا ١٦٧ کەس لەلایەن کۆماری پەت و سێدارە دەستبەسەر و زیندانی کراون. لەو خۆپێشاندانە کە بەشێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێدابەشدار بوون، دەیان درووشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی دژی کۆماری ئیسلامی لە لایەن بەشداربووانەوە گوترانەوە. جێگای ئاماژەیە کە کۆی هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستان  سەبارەت بە ئالوگۆرەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان و رۆلی کۆماری ئیسلامی لەو پیوەندییەدا وەرگێڕدرابوەوە سەر زمانی ئینگلیسی، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بە سەر ڕێبوارانی ئەو شەقامە دا بڵاو کرایەوە.