کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبونەوەی شورای ئەنترناسیونالی سۆسیالیست لە بارسەلۆنە دەستی بەکارەکانی کرد

07:02 - 4 سەرماوەز 2717

رێکەوتی٢٤ ی نوامبری ٢٠١٧ لە کاتالۆنیا  – بارسەلۆنە کۆبونەوەی شوڕای ئەنترناسیونالی سۆسیالیست بەمیوانداریی حیزبی سۆسیالیستی کاتالۆنیا دەستی بەکارەکانی کرد. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرستی کاک مستەفا شەلماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی دەرەوەی ولاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها خاتوو گولالە شەرەفکەندی و مەولوود سوارە ئەندامانی رێبەری حیزب بەشداری ئەم کۆبونەوەیە بوون. لەچوارچێوەی پێداگری لەسەر سێ خاڵی بنەڕەتی سۆسیالیست ئەنترناسیونال واتە ئازادی، بەرابەری و یەکدەنگبوونی سۆسیالیستەکان لەسەرتاسەری دونیا باسەکانی نوێنەرانی وڵاتانی جوراوجۆر لە ئەو سێ خاڵە وبنەما سەرەکیانە پێشکەش کرا. هەرکام لەبەرێزان جۆرج پاپاندریف سەرۆک و لویس ئەیالا سکرتێری ئەنترناسیونالی سۆسیالیست پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە هێچ کۆمەڵگایەك سەرکەوتوو نابێ مەگەر ئەوەی کە هەموو ئەندامان  و دانشتیوان خۆیان لە چارەنووسی سیاسی ئەو ولاتەدا ببینەوە. دەبێ حیزبە سۆسیالیستەکان سەرنج بدنە بەها سەرەکیەکانی سۆسیالیزم و بەکردەوە هەنگاوی بۆ هەڵبێنەوە. شایانی باسە کە لەدرێژە وتار پێشکەش کردن‌دا ئەوجار نۆرە گەیشتە مستەفا شەلماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەرەوەی ولات. بەرێزیان لە باسەکانی‌دا قامکی خستە سەر چەند تەوەرێکی گرینگی کوردستان و ئێران و رۆژهەلاتی نێوەراست. ناوبراو لە بەشی یەکەمی قسەکانی‌دا ئیشارەی بەپێشێلکاریەکانی کۆماری ئیسلامی کرد لەبواری مافی مرۆڤ و بەهێنانە بەرباسی چەند نموونە لەوبوارەدا کردەوەی دژی مرۆڤایەتیی کۆماری ئیسلامی لەقاودا. لەبەشی دوویەمی وتەکانی‌دا سەرنجی بەشداربووانی راکێشا بۆ ئەوکارەساتەی کە بەهۆی بومەلەرزەوە بەسەرپارێزگای کرماشان  لەرۆژهەلاتی کوردستاندا هاتووەو، نەخشی کۆماری ئیسلامی لەبەهاناوەچوونی لێقەوماواندا خستە ڕوو. بەرێزیان ئیشارەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی خاوەنداریەتیی لەو خەلکە لێقەوماوە نەکردوەو بەگوێرەی پێویست بەهانایانەوە نەچووە، تەنانەت ویستویەتی قووڵای ئەو کارەساتە بشارێتەوەو رێگای بە راگەیاندن نەداوە بچێتە هەرێمەکەو بەرفراوانی کارەساتەکە نیشان بدات، وەك ئەوە دەچێ کە کۆماری ئیسلامی شتێکی بۆشاردنەوە هەبێت لەوناوچەیە و ڕێگەشی نەداوە کە کٶڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان فریای خەڵکی لێقەوماو بکەون. مستەفاشەڵماشی لەکۆتایی  باسەکەی‌دا داوای لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست و کۆمەلگای نێونەتەوەی کرد کە لەئاوەدان کردنەوەی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکەدا یارمەتی دەر بن لەرێگای رێکخراوە نێونەتەوەیەکاندا، نەك لەرێگای کۆماری ئیسلامی . تەوەرێکی دیکە باسەکەی مستەفاشەڵماشی تەرخان کرابوو بۆ  دەستێوەردانەکان و ئاژاوەگێریەکانی کۆماری ئیسلامی، لە وڵاتانی ناوچەکەدا، هەر لەعێراقەوە تاکو یەمەن، لەوچوارچێوەیەدا باسی لەرۆلی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد لەهێرش بۆسەرباشووری کوردستان. هەروەها لە کۆتای باسەکەی‌دا ئیشارەی بە کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردو ڕایگەیاند کە ریفراندۆم مافێکی بناغەیی هەرگەلێکەو لەو مەسەلەیەدا ڕەوا نیە گەلی کورد لۆمە بکرێت لەسەر ئەوەی کە ریفراندۆمی بەڕێوەبردوە، لەو پێوەندیەش  ئیشارە بەوەکرد کە پێویستە ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا  بەدابین کردنی مافەکانی گەلی کورد و لە ڕێگەی وتووێژ  بەبێ دەستێوەردانی دەرەکیی چارەسەر بکرێت. لەم کۆبونەوەیەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دیدارو چاوپێکەوتنیان لەگەل بەشێکی بەرچاو لەگەل بەرپرس و سکرتێر و نوێنەری حیزب و لایەنەکانی بەشدار لەکۆبونەوەیەکەدا بەڕێوەبرد. هەروەها راگەیەندراوی دەفتەری سیاسی لەمەر رووداوەکانی باشووری کوردستان و دێکۆمەنتی مافی مرۆڤ و پێشکەشی بە بەشێک لە ئەندامانی بەشداربوو کرا. هەروەها لە درێژەی کارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە‌د ائێوارەخوانێك کاتژمێری ٧ی ئێوارە بۆ ٩ی شەو لەلایەن حیزبی سۆسیالیستی کاتالۆنیا بۆ میوانانی بەشدار لە کۆبونەوەی شوڕای ئەنترناسیونالی سۆسیالیست رێکخرا، لەم کۆبونەوەیەش دا دیدارو چاوپێکەوتن و لەگەل بەشێکی بەرچاو لە دۆستان و ئەندامانی ئیس ئای کرا. نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست ٢٤ی نوامبری ٢٠١٧