کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بوونەوە

01:14 - 6 سەرماوەز 2717

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانیشتنێکی هاوبەش‌دا ئاڵۆگۆڕەکانی تایبەت بە کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سەردانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی سەرکردایەتیی جڤاتەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز کاک عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتییەوە پێشوازی لێ کرا. لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا هەردوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پێوەندی لە گەڵ رێفراندۆمی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆی و هەروەها لێکەوتەکانی ئەم پرسە ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان کرد. هەر لەم پێوەندییەدا بە نیگەرانییەوە باسیان لە پێشهاتەکانی ئەم دوایانەی هەرێمی باشووری کوردستان کرد و هیوایان خواست کە  هێزە سیاسییەکانی ئەم بەشە لە کوردستان بتوانن بە لێک‌تێگەیشتن و دەستەبەرکردنی یەکریزی نێوانیان، بتوانن خەسارەکان کەم بکەنەوە وهەنگاو بەرەو داهاتوو بنێن. لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا قسە لە سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیتحادیی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کرا و هەیئەتی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێی وابوو ئەوەی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کراوە هەڵوێستێکی نامەسئولانەیە و پێویستە هەرێمی کوردستان و بەغدا بتوانن بە دیالۆگ و دانیشتن لە گەڵ یەکتر  کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لەم بەشە لە نێوەرۆکی دانیشتنە هاوبەشەکەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاماژەیان بە رۆڵی ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردەرانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە مەبەستیەتی بە خوڵقاندنی قەیران، هەوڵی پەرەپێدان بە پێشڕەوییەکانی خۆی لە وڵاتانی دەورووبەر بدات. هەر لەم دیدارەدا بە هیواو هومێدەوە باس لە جموجۆڵی سیاسی و مەدەنیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و وێڕای ئاماژەدان بە هەڵوێستی جەماوەریی خەڵک لە چەند بۆنەیەکی تایبەت‌دا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی ئاستی شعووری نەتەوەیی خەڵک و هەمگەرایی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرز نرخێندرا. لە کۆتایی ئەم دیدارەدا هەر دوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێداگرییان لە سەر درێژەدان بە پێوەندییەکانیان کردەوە.