کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە

03:53 - 7 سەرماوەز 2717

لە کۆبوونەوەی دوو هەیئەتی ڕێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کۆمەڵە بابەتێکی ڕۆژەڤی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچە تاوتوێ و، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەز هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزب سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتی خانەخوێ بە سەرپەرستیی عەبدوڵلا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان کە دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی پاش گشتپرسییەکەی مانگی ڕەزبەر هاتوونەتەپێش، تاوتوێ کران و لەپێوەندی لەگەڵ کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات و هەروەها چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەکانی بەردەم، کۆمەڵە ڕێکاڕ و چارەسەرێک ئاڵوگوڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لە تەوەرێکی دیکەی باسەکاندا تیشک خرایە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت پێشوازی و خۆشیدەربڕینەکانی خەڵک بەبۆنەی ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ئەم حەماسەیەی دوابەدوای کارەساتی بوومەلەرزەکەی کرماشان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئەم ڕووداوە کرا. دوولایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم دوو حەڕەکەتە نەتەوەیی و مەدەنییە لەلایەک دەریخست کە شعووری نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد لە ئێران زۆر لەسەرێیە و بە جۆرێک ئەمە ڕێفراندۆمێک بۆ تەعبیر لە خواست و مافەکانی خۆیشیان بوو کە دەریان بڕی و، هەم سەلماندی کە کوانووی خەباتی کورد لە ئێران گەرمە و کۆمەڵگەی مەدەنیی کورد لە ڕۆژهەڵات لەسەر هەست و لەسەر پێیە و پێویستە ئەو خەباتە بەربڵاوتر و جەماوەریتر بکرێتەوە لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوامیی سیاسەتی دەستێوەردان و هێژمۆنیخوازیی ئێران لە ناوچە دوولایەن پێیان وابوو ئەگەرچی لە ئێستادا بەرەی دژ بە ئێران لە ناوچە پتر لە هەموو کاتێک خۆی ڕێک دەخا و تڕامپ و دەوڵەتی نوێی ئەمریکا سیاسەتی گوتاری ڕادیکاڵ لەهەمبەر ئێرانیان گرتۆتە بەر، بەڵام پڕکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و بەردەوامیی ئەم دۆخە گۆڕانکاریی نوێ و دیکەی لە ناوچەکەدا لێ دەکەوێتەوە؛ چۆنیەتیی قۆستنەوەی ئەگەری هەل و دەرفەتەکان بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی سەر دۆزی کوردیش بەندە بەوەی هێزە سیاسییەکانی کورد یەکگرتوو بن و پتر لە هەموو کاتێک هەوڵ بۆ یەکڕیزیی نێوانیان بدەن. لە تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنەدا وێڕای هەڵسەنگاندنی ڕاگەیاندن و دەسبەکاربوونی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران و بەشداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لەو شوڕایەدا، دوولایەن تاوتوێی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەیان کرد کە لە ئێستادا دەکەوێتە سەر شانی ئەو هاوپەیمانییە و ئەو نەخشەی کە شوڕا دەتوانێ لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا بیگێڕێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پێیان لەسەر ئەوە داگرت کە بەشداریی هێزە کوردییەکان لەو جۆرە هاوپەیمانییانە لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیونی ئێران، بە تایبەت حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەتوانێ هەنگاوێکی بۆ پێشەوە بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و جێخستنی ماف و ئازادییە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد لە ئێرانی داهاتوو بێ. دوایین تەوەری باسەکانی ئەو دانیشتنە چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە گڕوتین بەخشین بە هاوپێوەندیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و، لەو پێوەندییەدا چەند پێشنیارێک دوای تاوتوێی دوو لایەن و ساغبوونەوە لەسەریان، بڕیاری بەدواداچوون و بەکردەیی کردنیان لەسەر درا.