کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماکرۆن لەگەڵ ترامپ سەبارەت بە پرسی ناوکیی ئێران هاوڕان

21:00 - 5 بانەمەڕ 2718

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە کە سەردانی واشنگتۆن لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، دەبێ لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران ڕێکەوتنێکی نوێ ئەنجام بدەین. سەرکۆماری فەرانسە لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند، "دژی هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، بەڵام خوازیاری ڕێکەوتنێکی نوێین کە هەموو نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە". ئیمانوێل ماکرۆن وێڕای ئاماژە بە وتووێژەکانی لەگەڵ ترامپ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران، دەرەفەت لەبار هەیە. هەروەها سەرکۆماری فەرانسە گوتی،"ئێمە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، زۆر بە ڕاشکاوانە لەبارەی ڕێکەوتنی ئەتۆمیی ئێران (بەرجام) گفتوگۆمان کرد، هەرچەند سەرکۆماری ئەمریکا وەک ڕێککەوتنێکی خراپ ناودێر دەکا، منیش ئەو ڕێکەوتنە بە باش نازانم و ئەم پرسە ئەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ هەتا ساڵی ٢٠٢٥ چالاکییە ناوکییەکانی ئێران کۆنترۆڵ بکەین". ماکرۆن لە درێژەدا گوتی: "من خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێم کە ٤ بابەتی وەک، هەموو چالاکییەکی ئەتۆمی هەتا ساڵی ٢٠١٥ پێشی پێ بگیرێ، دڵنیابوون لە چالاکییەکانی ئێران کە لە درێژماوەدا چالاکیی ئەتۆمیی نەبێ، گرنگترین بابەت، ڕاگرتنی چالاکییەکانی مووشەکی بالستیکی ئێران لە ناوچەکەیە و هەروەها  دوایین بابەت دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلام لە ناوچەدا کۆنتڕۆڵ بکرێ و وڵاتانی یەمەن، عێراق، سووریە و لوبنان بەجێ بێڵێ.