کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارەکەی تڕامپ لەبارەی ئێرانەوە، نرخی نەوتی بەرزکردەوە

18:50 - 19 بانەمەڕ 2718

دوای بڕیاری کشانەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و بەڵێندان بە سەپاندنی توندترین گەمارۆ بەسەر ئابووریی ئێراندا، نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرزبووە. ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩ی بانەمەڕ لەکاتی مامەڵەکردنی بۆڕسەی ئاسیا، نرخی یەک بۆشکە نەوتی برێنت بەڕێژەی لە ٢.٤٧% بەرزبووەوە؛ لە ئاستی ٧٦ دۆلار و ٦٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەک بۆشکە خاوی تگزازیش بەڕێژەی لە ٢.٢٩% بەرزبووەوە؛ لەئاستی ٧٠ دۆلار و ٦٤سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ویڵیام ئۆلافڵین، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ریفکین سکویریتیز رایگەیاند، گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران دەبێتە هۆکاری کەمبوونی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە بڕی ٢٠٠-٣٠٠ هەزار بۆشکە لە رۆژێکدا، ئەوەش خستنەڕووی نەوت لەبازاڕدا کەمدەکات و پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات. کشانەوەی ئەمریکا لە بەرنامە ئەتۆمییەکە لە کاتێکدایە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە گەشە بە کەرتی نەوتی بدات و ئاستی بەرهەمهێنان لە چەند ساڵی داهاتوودا بۆ چوار ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بۆشکە لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە. هەروەها عەڕەبستان ڕایگەیاندوە ئەگەر بازاڕی جیهانی بێتو نەوت لە ئێران کەمتر بکڕێ، ئەو وڵاتە نیازی جیهانی قەرەبوو دەکاتەوە.