کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

16:23 - 18 بەفرانبار 2718

دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە دوای تەمەنێک ژیان بە سەرفەرازی ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی‌ هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بەدەستمان گەیشتووە رۆژی ١٥ی بەفرانباری ٩٧ی هەتاویی خاتوو فاتیمەی غەفووری دایکی عومەر مەحموودزادە ئەقدەم ناسراو بە "چیچۆ" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی‌دوایی کرد. خاتوو فاتیمە دایکی سێ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە، کە یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی سمایل مەحمووزادە ئەقدەم لە ساڵی ٦٢ ی هەتاویی لە ناوچەی قازیاوای مەهاباد لە دەرگیرییەک‌دا لەگەڵ سپای جەهل و تاریکی، گیانی پێشکەش بە دوارۆژ و ئازادی نیشتمانەکەی کرد. هەروەها کوڕێکی دیکەشی دوای ماوەیەک پێشمەرگایەتی، بە هۆی کێشەی تاکەکەسییەوە گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی. شیاوی باسە هاوڕێ عومەر مەحموودزادە ناسراو بە "چیچۆ" کوڕی خوالێخۆشبوو خاتوو فاتیمەی غەفووری ئێستاش لە ڕیزکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دایە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لەو بنەماڵە تێکۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکاری خاتوو فاتیمە، بەتایبەتی هاوڕێ "چیچۆ" دەکا و خۆی لە خەمیان بەشەریک و بەشدار دەزانێ.