کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپئۆ: چوونەدەری ئەمریکا لە سووریە، هیچ کاریگەریەکی لە سەر بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئێران نابێ

22:56 - 18 بەفرانبار 2718

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی لە پێوەندی لەگەڵ چوونەدەری ئەمریکا لە سووریە گوتی: بەرنامەی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ داعش و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا پێک ناهێنی. ناوبراو ڕایگەیاند کە چوونەدەری هێزەکانمان لە سووریە تاکتیکییە نەک گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی و داعش لە ناوچەکەدا. ناوبراو گوتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەیەک پێکدێ. ئەو بەرەیە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە گەورەترین هەڕەشە لە ناوچەکە و ماکەی تیرۆریزم کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە ئێمە دەبێ بە یەکەوە بە دژی کۆماری ئیسلامی بوەستینەوە. مایک پۆمپئۆ سەردانی هەشت وڵات دەکا و لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو وڵاتانە بریتین لە ئۆردۆن، میسر، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، عەرەبستانی سەعوودی، عەممان و کوەیت کە یەکێک لە باسە گرینگەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. شایانی باسە کە ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستۆتە ریزبەندیی یەکەمی وڵاتانی پشتیوانیی لە تێرۆریزم. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە سەرچاوەی ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ناوچەکەدا و پشتیوانیی گرووپە تێرۆریستیەکان لە جیهاندا.