کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان

20:02 - 5 رەشەمه 2718

دوانیوەڕۆی شەممە ٤ی رەشەمە هەیئەتێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرپەرستی بەڕێز د. محەممەد هاودینانی بەرپرسی دەزگای پێوەندییەکانی یەکگرتوو سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا. هەیئەتی میوان سەرەتا بە وەبیرهێنانەوەی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات رێزیان لە یاد و ناوی شەهیدانی ئەو کارەساتە گرت. دواتر دوکتور هاودینانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان لەم سەردانە باسی لە پێوەندیی دۆستانەی نێوان یەکگرتوو ئیسلامی و حیزبی دیموکرات کرد. پاشان بەڕێز مستەفا مەولوودی وێڕای بە خێرهێنانی هەیئەتی میوان سپاسی خەمخۆری یەکگرتووی ئیسلامی و هەموو حیزب و رێکخراوەکانی باشووری کوردستانی بە نیسبەت کارەساتی ١٧ی خەرمانان کرد و لەو نێوەدا بە تایبەتی رێزی لە بەدەمەوە هاتنی خەڵکی شاری کۆیە گرت. هەیئەتی هەردوولا دواتر چوونە سەرباسی بارودۆخی ئەوڕۆی کوردستان و ناوچەکە. د. محەممەد هاودینانی لەو بەشەدا باسێکی لە دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە کرد، و بە ئاماژە بە دۆخی ناوچەکە کوتی ئەم ناوچەیە لە بەردەم گۆڕانکارییەکی جیددیدایە و پێویستە کورد لەم بوارەدا بە وشیارییەکی زۆرەوە تەعامول لە گەڵ رووداوەکان بکا و هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەر کامە و لە بەشی خۆیان لەو مەیدانەدا چالاک و هاوکاری یەکتر بن. ناوبراو باسێکی لە جموجۆڵە سیاسیەکانی ئێستای باشووری کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نویی حکوومەت و هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی لەو بارەوە کرد. پاشان بەڕێز مستەفا مەولوودی وێڕای جەختکردنەوە لە هەموو ئەو ئەگەرانەی لەم ناوچەیەدا لە ئارادایە باسی لە پێویستیی کۆمەڵگای کوردستان بە یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە هەموو قۆناغەکاندا کرد و کوتی هیچ لایەنێکی سیاسی بە تەنیا دەرەقەتی پەڕینەوە لەو قۆناغەی نیە و پێویستە هەموان پێکەوە یەکڕیز و هاوکار بن. پاشان بەرێز مەولوودی بە ئاماژە بە دۆخی هەرێمی باشووری کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئومێدەوە چاو لەم هەرێمە دەکەن و بە هەموو سەرکەوتنەکانی خۆشحاڵ و بە مەترسیەکانی سەر ئێرە نیگەرانن. ناوبرا هەر وەها باسی لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و بە تایبەتی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد هەتا کۆماری ئیسلامی درێژە بەو دەستێوەردانانە بکا نە خەڵکی ئێران لە ئارامی و ئاسایشدا دەبن نە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک کار بۆ کورت کردنەوەی دەستی ئێران لەو ئاژاوەگێڕی و ئەو دەستێوەردانانە بکەن کە لە ناوچەکە دەیکا. هەیئەتی هەردوولا لە کۆتاییدا جەختیان لە سەر پێوەندیی دۆستانەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کردەوە و بە چاوی ئەرێنییەوە لە هەڵوێستە سیاسییەکانی هەر دوولایان روانی.