کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک بە بۆنەی ١١ی ڕەشەمە لە قەڵای دێموکرات

17:55 - 11 رەشەمه 2718

بە بۆنەی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و بەڕێوەچوونی میتینگی گەورەی مەهاباد بۆ پشتیوانی کردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، سمینارێک بۆ بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە سیمای دیار و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات پێک‌هات. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی قەڵای دێموکرات بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سمینارێک بۆ باس کردن لەسەر لایەنە جۆراجۆرەکانی ئەو ڕۆژە مێژووییە بۆ بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەن زادە وەکوو یەکێک لە بەشداران و ڕێکخەرانی میتینگی بەشکۆی حیزبی دێموکرات کە لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو، بەڕێزیان لەو بارەوە قسەی کرد. پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادوناوی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و پێشاندانی کورتە فیلمێکی دێکیۆمێنتی و بڵاوکردنەوەی کورتەیەک لە قسەکانی ئەوکاتی دوکتور قاسملوو، بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە باسەکەی خۆی دەستپێکرد. بەڕێزیان بە ئاوڕدانەەیەک لە هەلومەرجی ئەو کاتی ئێران و کوردستان دوای شۆڕشی ١٣٥٧هەتاویی لەسەر هۆکاری بەڕێوەچوونی میتینگی شاری مەهاباد ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ دا. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە رۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٥٧ی هەتاویی بە سێیەمین ڕووداوی گەورە و گرینگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵەم دا و، لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ئەو ڕووداوە بۆ ئامادەبوان قسەی کرد. ناوبرا لە قسەکانی‌دا گوتی هەڵبژاردنی شاری مەهاباد وەکوو لانکی کۆماری کوردستان بۆ گرتنی ئەو میتینگە ڕەمزی تێدا بوو بە مانای لە دایک‌بوونێکی دیکە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران. تێکۆشەری دێرین مامۆستا حەسەن‌زادە پاشان چەند هۆکاری لە پێوەندی لەگەڵ ١١ی ڕەشەمە خستەبەرباس. لەو بارەوە گوتی؛ بەڕێوەچوونی میتینگی حیزبی دێموکرات لە وەها هەلومەرجێک‌دا لە شاری مەهاباد چەند هۆکاری هەبوو ، یەکەم ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب، دوای چەندین ساڵ تێکۆشانی نهێنی بەدژی کۆنەپەرەستی و پاشایەتی، دوویەم خۆناساندنەوەی حیزب بە خەڵک و جەماوەری خۆی، سێیەم هەڵسەنگاندنی حیزبی دێموکرات لە باری هێز و ئاستی نفووز لەنێو جەماوەری کوردستان، چوارەم گەیاندنی پەیامی سیاسی هەم بۆ دەوڵەتی تازە و هەم گەلانی دیکەی ئێران. ناوبراو قسە بەنرخەکانی دوکتور قاسملووی لەو ڕۆژەدا بە مانیفیستی حیزبی دێموکرات ناساند و بە وردی بۆ بەشداربووانی شی‌کردەوە. بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە پێوەندی لەگەڵ قسەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و پەیامی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە باسی لەم خاڵانە کرد؛ خوێندنەوەی هەموو چین و توێژەکان کە هەم لە ئازار و هەم لە ئازادی‌دا بەشدار بوون، "نا" گوتن بە هەرچەشنە دیکتاتۆریەک، پێداگریی لەسەر دێموکراسی و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە کۆتایی قسەکانی‌دا بە گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەکی تایبەت بە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە، میوانداریەتی و پشتیوانی خەڵکی مەهابادی لەو ڕۆژی مێژوویە‌دا وەبیرهێنایەوە و باسی لە هەبوونی سەرمایەی بەنرخی مەعنەویی و مرۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کرد.