کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆنفرانسی ساڵانەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد

07:45 - 13 رەشەمه 2718

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی٠٢ـ٠٣ـ٢٠١٩ بە بەشداری زۆربەی زۆری ئەندامان لە کۆمیتەی شارەکان کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە شاری ئورێبرو بەڕێوەچوو. سەرەتا خاتوو شیلان ساڵحی بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەخێرهاتنی بەشدارانی کردو بەرنامەکە بە خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێز لێنان لە شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی ئەم دوایانەی قەڵای دێموکرات و دوو سکرتێری شەهیدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن خاتوو خەجیج ڕۆستەمی وەک ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ڕەسمی کۆنفرانس کرایەوە، خاتوو خەجیج سەبارەت بە کارکردنی لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان دا گووتی بە شانازی دەزانێ کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە و دواتر باسێکی کورتی لە سەر هەندێک هەڵس‌وکەوت کە بە ناوی کولتور لە نێو کۆمەڵگا و تەنانەت حیزبەکانیش دا بەرێوە دەچن کرد و ئاوڕێکی خێرای لە کار و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنان لە قۆناخی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و چل ساڵەی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی دایەوە. دواتر خاتوو گەلاوێژ حەسەن‌پوور وەک خوشکی شەهید محەممەد حەسەن‌پوور پەردەی لە سەر وێنەی شەهیدان نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری لادا و سەری ڕێزی بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی کوردستان دانەواند. پاشان پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو ماپەرە قەرەگۆلی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵات پێشکەش کرا و لە پەیامەکەدا وێرای بەرز نرخاندنی کارەکانی کۆمیتەی سوئێد هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ بە ئاوات خواست بوون و هاوکاری نێوان کۆمیتەی سوئێد و دەرەوەی وڵاتی بە گشتی باس کرد. لە لایەن خاتوو لەتیفە جەباری پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد پێشکەش کرا و لە پەیامەکە دا باس لە جێ پێی ژنان لە کار و ئەرکەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەیی و هاوکات باس لە گرینگی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای ئوروپایی دا کرا بوو. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری خۆیدا دووقات ژنانی چەوساندۆتەوە، جاریک لە کۆمەڵگادا و جارێکیش بە پەراوێز خستنیان لە ئەرک و کاری دەوڵەتی و پلەکانی کاری سیاسی دا، لە کۆتایی دا هاوکاری نێوان ڕێکخراوەی ژنان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان زانی. پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەلایەن خاتوو باوان کەریمی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یەکیەتیی لاوان لە وڵاتی سوئێد پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا ئاماژە بە دامەزرانی هەر دوو رێکخراوی ژنان و لاوان لە کۆماری کوردستان دا کرابوو و هاوکاری نێوان ئەو دوو ڕێکخراوەیەی لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیە بە شانازی بۆ هەر دوو ڕێکخراوەکە زانی. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکە دا باس لە ئەرکی ڕێکخراوەیی ژنان کرابوو کە ژنان ئەرکیان لە سەر شانە کە نەوەی داهاتووی گەلەکەمان فێری پرسە نەتەوەی‌یەکان و ڕۆژە مێژووی‌یەکان بکەن و هاوکات لە باری کاری ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و کولتوری و ڕێکخراوەییەوە بە یەکەوە هاوکاریان هەبێ. دواتر لە لایەن خاتوو کوێستان بابایی وەک ژنێکی چالاکی نێو ریزەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و چالاکی بواری ژنان و پرسەکانی ژنان وتارێک سەبارەت بە چەند تەوەری خوارەوە پێشکەش کرا. شایانی باسە کە بۆ هەر یەک لەو چەمکانە چەندین نموونەی لە پێشکەوتنی ژنان لە ئوروپا و لە سەرەتای ١٩٠٠ ی زائینی‌یەوە تاکوو ئەمرۆ بە وردی باس کرد و دواتر باسی لە چەند نموونەی کاری ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵگای کوردستان و کێشە تایبەتی‌یەکانی نێو ئەو ڕێکخراوانە کرد. بۆچێ بەشداری ژنان لە سیاسەت و پۆستە سیاسی‌یەکاندا گرینگە؟ بەربەستەکانی سەر ڕێگای ژنان بۆ گەیشتن بە پۆستەکانی ڕێبەری؟ مەرجەکانی پێویست چین؟ بۆ ئەوەی ژنێک بتوانێ لە پۆستەکانی باڵادا کار بکا؟ هەر لەم بەشدا بەشداران چەندین پرسیاران ڕووبەرووی خاتوو کوێستان کردەوە و بەرێزیان بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. لە بەشی دووهەم دا چەند کەس وەک پانێل بۆ بەرێوەبردنی کارەکانی کۆنفرانس دیاری کران. لە بەشی یەکەمی کاری کۆنفرانس دا خاتوو شلێر حەسەن‌پوور ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد ڕاپۆرتی کارو چالاکی نێوان دوو کۆنفرانسی لە وڵاتی سوئێد پێشکەش کرد، شایانی باسە کە لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کارو چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆنفرانسی هەموو کۆمیتەی شارەکان و هەروەها چۆنیەتی گرتنی کۆنفرانسەکان و سمینارەکان و ڕۆژە مێژووی‌یەکان و بەشداریان لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەوی لە برۆکسیل دا کرا بوو. پاشان خاتوو موژدە عەزیزی بەرپرسی بەشی دارایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد ڕاپۆرتی دارایی نێوان دوو کۆنفرانس و چۆنیەتی داهات و دەرکەوتی ڕێکخراوەی ژنانی بە وردی بۆ بەشداران باس کرد و هاوکاتیش ئاوڕی لە چۆنیەتی خەرجی‌یەکان بە شێوەی سلاید بە بەشداربووان نیشان دا. هەر لەم بەشدا خاتوو ئەسرین ئیسماعیلی وەک چاوەدێری دارایی باسێکی لە سەر کارەکانی بەشی دارایی کرد و لە سەر چۆنیەتی پێداچوونەوەی دەفتەری دارایی بە وردی قسەی کرد و گووتی کە هەموو خەرجی‌یەکان بە پێی فاکتۆر و ڕەسید بووە. دواتر بەشداربووان لە سەر هەر دوو ڕاپۆرتی کارو چالاکی و ڕاپۆرتی دارایی چەند پرسیاریان ئاراستەی خاتوو شلێر و خاتوو موژدە کرد و ئەوانیش وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە و پاشان ڕاپۆرتەکان پەسەند کران. لە درێژەی کاری کۆنفرانس دا خاتوو سۆزان فەتحی بەرپرسی یەکیەتیی ژنان باسێکی کورتی لە سەر کاری ڕیکخراوەکە کرد و بە گشتی جارێکی دیکە ناوی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێدی خوێندەوە و باسی کار و چالاکی‌ و بەرپرسایەتی‌یەکانی کرد و چەپکە گوڵی ڕێز و پێزانینی پێشکەش کردن. دوای پشوو و نانخواردنی نیوەرۆ، پانێلی دووهەم کە تەرخان کرا بوو بۆ باس لە سەر بەرنامە و پرۆگرامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد دەستی پێکردە. لەم پەیوەندی‌یەدا بەرێز کەماڵ حەسەن‌پوور بەرنامە و ئەساسنامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێدی بۆ بەشداران بە کوردی خوێندەوە و ئاماژەی بە هەموو بەشەکانی نێو بەرنامە کرد، ئەوجار کات درا بە بەشداربووان تا بە تێبینی و پێشنیارەکانیان لە سەر زیاد کردنی چەند خاڵ لە بەرنامەی کاری ژنان دا باس بکەن تا بە پەسند بگا بۆ کار کردن لە داهاتوو دا.لە بڕگەی سێهەمی ئەم کۆنفرانسە دا بەرێوەبەرانی پانێل سەبارەت بە شێوەی هەڵبژاردن و ئەرک و بەرپرسایەتی لە کۆمیتەی داهاتوودا باسی لێوەکرا. کۆمیتەی ئامادەکاری بۆ کارئاسانی هەئیەتێکی چەند کەسی دیاری کردبوو کە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خوازیارن لە کۆمیتەی داهاتوودا کار بکەن قسەیان کردبوو و لە سەر پەیوەندی گرتنیان لەگەڵ کەسەکان بۆچوونی خۆیان باس کرد. لە سەریەک کۆنفرانس دوای ٦ کاتژمێری کاری بەردەوام بە هەڵبژاردنی کۆمیتەیەکی نۆ کەسی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.