کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەێئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ حیزبی نێئۆز (حیزبی ئوتریشی تازە و یەکێتی لیبراڵی)

15:15 - 24 رەشەمه 2718

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤-٣-٢٠١٩ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی بەڕێز خالید عەزیزی ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب و هاوڕێیەتی بەڕێزانی خدر هەمزە نژاد و دکتور عەلی مازووجی، دیدارێکیان لەگەڵ شتیفانی کریزپەر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کاروباری مافی مروڤ پێک هێنا. لەو دیدارە دا بەڕێز خالید عەزیزی باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە هەلومەرجی ناوخۆیی ئێران و سیاسەتی پاوانخوازی و کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد. لەبەشێکی دیکەی وتەکانی دا بەڕێز عەزیزی باسی لە سیاسەتی تێرۆر و کوشتنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد و هاوکات پەرژایە سەر باسی تێرۆری دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و پەروەندی جەنایەتی تێرۆری ئەو ڕێبەرەی حیزبەکەمان. چەوسانەوە و گرتن و زوڵم و زۆری کارەبەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی دژ بە خەڵکی بێتاوان، هەلاواردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە لایەن دەسەلاتدارانەوە تەوەرێکی دیکەی باسەکانی عەزیزی پێک هێنا. خاتوو شتیفانی کریزپەر وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی وەفدی میوان، بێزاری خۆی سەبارەت بە پێشێلکاری مافەکانی مڕۆڤ لە ئێران دەربڕی و باسی لە پاراستینی مافی مرۆڤ تەنانەت لە ناوخۆی ئوتریش کرد و گوتی< ئێمە زۆر بە وردی چاوەدێری بارودۆخی پاراستنی مافەکانی مڕۆڤ دەکەیەن، تەنانەت لە ناو وڵاتی ئوتریشیش دا، بۆ ئەوەی زوڵم لە کەس نەکرێ بەتایبەت ئەو پەنابەرانەی روویان لەو وڵاتە کردووە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد ئەوان لە ئاستی ئوتریش و تەنانەت یەکێتی ئوروپاش دا داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەکەن و پشتگیری قاییمی خۆیان بۆ مافی ژنان و ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد ڕادەگەیەنن. لە کۆتایی ئەو دیدارە دا هەردووک لا باسیان لە زەروورەتی پێکهێنانی گرووپێکی کار بۆ بەدوا دا چوون بۆ کەیسی تێرۆری دکتور قاسملوو و تێرۆری وییەن کرد.