کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی موکریان بە بۆنەی نەورۆز ٩٨ی هەتاوییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

14:00 - 5 خاکەلێوه 2719

هەواڵدەریی موکریان کە ١٢ساڵە لە گوڕەپانی هەواڵ و ڕاپۆڕتی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە کوردستان چالاکە، بە بۆنەی نەورۆزی ٩٨ی هەتاوییەوە پەیامێکی ڕوو بە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە. لە سەرەتای پەیامی هەواڵدەریی موکریان وەکوو ڕاگەیاندنێکی ئاگادار بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان بە نیگەرانییەوە باسی لە پشێوی دۆخی وڵات کردوەو هیوای خواستوە کە لە ساڵی نوێ‌دا بەرپرسان ئاورێکی جیددی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بدەنەوە، دەنا دۆخەکە لە ساڵی ڕابردووش خراپ‌تر دەبێ. لە درێژەی پەیامی نەورۆزیی هەواڵدەریی موکریان‌، وەکوو تاقە ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆ کە لە نێو وڵاتدا خەریکی کاری پڕ تیچووی هەواڵە و چالاکییە هاتووە؛ زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێن لە کوردستان میدیایەک نادۆزینەوە کە بە ڕادەی موکریان هەوڵی مانەوەی دابێ و بە بێ هیچ چاوەڕاونییەک و گرێدراویەک بە ناوەندە دەوڵەتییەکان و بەرپرسانی حکومی لە گۆڕەپانی پڕ کۆسپ و لەمپەری "هەواڵ " تەنیا گرینگی بە راستی ڕووداوەکان دابێ و هێچکات واقعیەتی نەکردوبێتە قوربانی بەرژوەندیخوازی. هەواڵدەریی موکریان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی‌دا ئاورێکی لە ١٢ ساڵی ڕابردوو لە تەمەنی ئەو هەواڵدەرییە داوەتەوە کە بە ماندووبوون و خەمخۆرییەوە سەرەڕای هەڕەشە و گرتن و توقاندن ، بەڵام هەر درێژەیان بە ڕەساڵەتی میدیایی خۆیان داوەو ئێستاش ئەو هەواڵدەرییە بۆ باس کردن لە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان، وەکوو سەرچاویەک لە نێو میدیاکانی ئێران و جیهان دێتە ئەژمار و جێگەی متمانە پێ‌کردنە. لە کۆتایی پەیامی هەواڵدەریی موکریاندا هاتووە؛ ڕەمزی مانەوەی ئێمە بۆ پشتیوانی و پاڵنەری بەردەنگەکانی موکریان دەگەڕێتەوەو، ئێمەش بەڵێنمان داوە کە لە ساڵی داهاتووش بە لە بەرچاو گرتنی ئەزموونی ساڵی پێشوو و کەڵک‌وەگرتن لە تێکنۆلۆژی و بەکار هێنانی هەواڵنێرانی لاو و لێهاتوو، درێژە بە تێکۆشانی خۆمان بدەین، لە بواری هەواڵنێری و کاری میدیا‌یی‌دا. شایانی باسە هەواڵدەریی موکریان خاوەنی یەکەمین تلویزیۆنی سەربەخۆییە لە ئێران و هەواڵەکانی خۆی بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە.