کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی ئێران لە بەشێک لە ڕێککەوتنی ناوکی

16:06 - 18 بانەمەڕ 2719

رۆژی چوارشەممە ١٨ی بانەمەڕ ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی تێپەڕی و پاش ساڵێک ململانێی ئێرانیش لە بەشێک لە خاڵەکانی ئەو گڕیبەستە کشایەوە. هەواڵدەریی ئیرنا ئەمڕۆ چوارشەممە بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە بە باسکردن لە بەیاننامەی فەرمیی شوڕای باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ڕووبە واژۆکارانی گڕێبەستی "بەرجام" ڕایگەیاند؛ ئێران لە ١٨ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی هێندێک لە چالاکییەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی "بەرجام " ڕادەگرێ" و ماوەی ٦٠ ڕۆژ موڵەت دەدا بە وڵاتانی ئورووپایی هەتا بەڵێنیەکانی خۆیان لە بواری نەوت و مامەڵە بانکییەکان جێبەجێ بکەن. هەروەها حەسەن ڕوحانی لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: "کاتی زۆرمان دا بە وڵاتانی ئورووپا تاکوو نەهێڵن رێککەوتنی ناوکی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە داخەوە بە کردەیی هەنگاویان هەڵنەهێنا و، ئەوان ئەمەریکا لە خۆیان بە گەورەتر دەزانن". ئەمەش لە کاتێکدایە، ژماره‌یه‌ك لە به‌رپرسانی فەڕانسەویی هۆشدارییان داوە ئێران کە لە ئەگەری کشانەوەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی "بەرجام" یان دەسپێکردنی چالاکییەکانی دیکە، ئێمه‌ و ته‌واوی وڵاتانی ئورووپاش ناچار ده‌بین سزا و گەمارۆکانی سه‌ر ئێران بگه‌ڕێنینه‌وه‌". هەر لەو پێوەندییيەدا برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕایگەیاند دوای شکستی داعش ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نابێ ڕێگا بدرێ ئەو ڕێژیمە ئاوا درێژە بە ملهۆڕی و سەرەرۆییەکانی بدا.