کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی ئێران لە کورتخایەندا

06:35 - 19 بانەمەڕ 2719

بە بێ لەبەرچاوگرتنی سێ رووداوی لەبەرڕێ، قسەکردن لە سەر داهاتووی کێشە هەنووکەیی و کورتخایەنەکانی ئێران ناقس و ناتەواو دەبێ. هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئامریکا و پرسی جێگرەوەی رێبەری ئێستای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی. ئەم سێ فاکتەرە دەتوانن بە پێی ئاکام و لێکەوتەکانیان تا ڕادەیەک داهاتووی ئێران لە کورتخایەندا وێنا بکەن. هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران: هەرچەند لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دیاردە و پرسێک بە ناوی "هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک" بوونی نیە، بەڵام هەڵبژاردنەکان گۆڕەپانێکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی باڵەکانی نێو ئەم نیزامە. توندڕەوەکان بە رێبەریی عەلی خامنەیی و، ئێستا زیاتر لە ژێر هژموونیی سپای تێرۆریستی پاسداراندا، تەواوی هەوڵیان ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماریدا، کۆتایی بە دەسەڵاتی باڵی بەرانبەری خۆیان بهێنن و بۆ ئەم کارە هەر لە ڕۆژەکانی دوای هاتنەسەرکاری رۆحانییەوە بە شێوەی جۆراوجۆر خەریکن، چ لە ئاراستەبەخشین بە رووداوەکانی نێوخۆی وڵات و ڕەش نیشاندانی کار و کردەوەکانی دەوڵەت و چ بە تەگەرەخستنە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت کە دەکرێ وەک بەرچاوترینیان ئاماژە بە دژایەتیکردن لە گەڵ بەرجام بکەین. لەم پێوەندییەدا وێدەچێ شانسی توندڕەوەکان زیاتر لە هەمیشە بێت. لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی ڕۆحانی نەتەنیا نەیتوانیوە بەرانبەر بە توندڕەوەکان بەڕەپێشچوونێک بە خۆوە ببینێ، بەڵکوو بە هۆی بێوەفایی بەرانبەر بەو وادەوبەڵینیانەی بە خەڵک و نەتەوەکانی ئێرانی دا، تا ڕادەیەکی زۆر پشتیوانیی جەماوەری لە دەست داوە. بۆیە پێشبینییەکان هەر لە ئێستاوە وا نیشان دەدەن کە توندڕەوەکان بە باڵادەستبوونی سپای تێرۆریستی پاسداران و بە هۆی بەشداریینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەمجاری سەرکۆماری وەک پێویست، بتوانن سەرکەوتن وەدەست بێنن. هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و سەرکۆماری لە ئامریکا: دەوڵەتی ترامپ کە هەمووی هەوڵێکی خۆی لە سەر گوشارخستنە سەر ئێران و ناچارکردنی بە گۆڕینی ڕەفتاری لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەکی و نێودەوڵەتیدا چڕ کردۆتەوە، هەڵ دەدات لەم هەڵوێستەی بە مەبەسەتی بەهێز دەخستنی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ وەدەستهێنانی زۆرینەی هەرە زۆری کورسییەکانی کۆنگرەێس و مانەوەی لە کۆشکی سپی بۆ خوڵێکی دیکە، کەڵک وەربگرێت. هەرچە تا ئێستا ترامپ لەم پێوەندییەدا لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێوانان دەوڵەتان نەیتوانیوە ببێتە مێحوەرێکی مەقبووڵ و لە نێو خۆی ئامریکاشدا مخالفی کەم نین، بەڵام بە سەرنجدان بە ماهییەتی رێژیمێکی نامەسئولی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزێکی تێرۆریستی وەک سپای پاسداران، وەک چاودێران باس دەکەن، ئەگەری مانەوەی ترامپ لە کۆشکی سپی، نەک سەرکەوتنی لە کۆنگرێس، زیاترە. جێگرەوەی عەلی خامنەیی: پرسی جێگرەوەی رێبەری ئێران لەمەبەدواوە و بەتایبەت لەم یەک دوو ساڵەی داهاتوودا یەکێک لە پرسی هەرە گرینگەکانی نێوخۆی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ. لەم پێوەندییەدا قسە و باس زۆر کراوە. ئەوەی تا ئێستا زۆرترین باسی لە سەرە، هێنانی ناوی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەییە وەک جێگرەوەی رێبەری. ئەم پیاوە لە گەڵ ئەوەیکە دەرکەوتنی میدیایی کەمە، بەڵام لە ڕاستیدا هێزێکی خەوتووی نێو نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە چالاکبوونی دەتوانێ زۆر شت بگۆڕێ. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە لە ئەم پیاوە دەسەڵاتێکی بێ‌سنووری ئابووری و سەربازی هەیە کە دەتوانێ لە ئەگەری بوون بە رێبەری داهاتووی رێژیمدا هژموونی خۆی بسەپێنێ. لە گەڵ ئەوەیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیزامێکی سەرسەختی داخراوی ئیدئۆلۆژیک ناسراوە و لە تەعاموول و هەڵکردن لە گەڵ کۆمەڵگەی جیهانیدا لاسارە، بەڵام هەررێبەرانی ئەم رێژیمە لە چەند قۆناغێکی قەیراناوی و دژواردا نیشانیانداوە کە ئیستعدادی ئەوەیان تێدایە کە "جامی ژار بخۆنەوە" و "نەرمشی قارەمانانە" لە خۆیان نیشان بدەن. بۆیە قسەکردن لە سازانی ئەم ڕێژیمە لە گەڵ ئامریکا لە داهاتوودا، دوور لە چاوەڕوانی نیە. هەر دوای دوو حەوتوو لە بڕیاری کۆشکی سپی لە سەر بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسداران، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ڕوحانی لە سەفەرێکیدا بۆ ئامریکا ڕاشکاوانە باسی لە وتوێژ لە گەڵ ئامریکا کرد و وتی ؛"لە بەرانبەر ئەگەری پێشنیاری ئامریکا بۆ دانیشتن، ئێمە ناڵێین نایکەین!!" هەرچەند باڵی توندڕەوی نێو نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بە زمانێکی تا ڕادەیەک توندتر بەرانبەر بە نەرمینواندنەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە ئامریکا هەڵوێستی گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستانە ماهییەتێکی دیکەی تێکەڵ بە کێشە نێوخۆییەکانی خودی رێژیمیان هەیە و ئوسوولی نین. بە واتایەکی سادە و روونتر، قۆڵی بناژۆخوازی رێژیم حەز ناکات هیچ وتوێژێکی ئێران لە گەڵ ئامریکا لە سەر دەستی  قۆڵی بەرانبەری خۆی واتە دەوڵەت بکرێ. بۆیە لە ئەگەر بەدەستەوەگرتنی دەوڵەتی داهاتوو لە لایەن باڵی بناژۆخواژی رێژیمەوە، هیچ دوور نیە کە ڕەوتی وتوێژەکانی ئێران و ئامریکا دەست پێ بکەنەوە. هەموو نیشانە و دەرکەوتەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئێران بەرەو نیزامێکی بەتەواوەتی سەربازی هەنگاو دەنێت. سپای پاسداران جڵەوی ئەم ڕەوتەی بە دەستەوە دەبێ. ئەمە وێنایەکە بۆ چوارساڵی داهاتووی ئەم وڵاتە کە کۆمەڵە فاکتەرێکی وەک جێگرەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماهییەتی وتوێژەکانی نێوان ئیران و ئامریکا، چارەنووسی پەرەوەندەی ناوکی، ڕۆڵی داهاتوویی ئێران لە وڵاتانی دەورووبەر و چۆنیەتی عەمەلکەردی دەوڵەتی داهاتووی کۆشکی سپی، رەوتی رووداوەکانی داهاتووی دیاری دەکەن. ئەوەی لەم باسەدا تا ئێستا غایب بوو، ڕۆڵی خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێرانە لە وێناکردنی داهاتوویەکی کورتخایەنی ئەم وڵاتەدا. ئەوەی ڕاستی بێت و دەکرێ وەک واقعیەتێکی تاڵ قسەی لە سەر بکرێ، ڕاست ئەم پرسی خەڵکەیە کە بەداخەوە ئەمڕۆژانە وەک فاکتەرێک لە ڕووداوەکاندا زۆر بە لاوازی دیارە و دەبیندرێ. نەبووی ئاڵترناتیڤێکی وڵامدار، خاڵی لاوازی ئەم داهاتوویەیە کە ڕۆڵی خەڵکی لە باسەکاندا خستۆتە پەراوێزەوە. کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەتەنیا نیزامێکی دڵخوازی خەڵک نیە، بەڵکوو دەسەڵاتێکی بێزراوە کە خەڵکی ئێران بە هەموو پێهکاتەکانیەوە نایانهەوێ و خوازیاری لاچوون و لابردنین. بەڵام ئەوە تەنیا نیوەی مەسەلەکەیە؛ ڕاستە کە خەڵکی ئێران ئەم رێژیمەیان ناوێت، بەڵام لەوە دڵنیا نین کە کێ و چ رێژیمێک دوای کۆماری ئیسلامی ئەم وڵاتە ئیدارە دەکات!! بۆیە خەڵک بە تەواوەتی بێ‌‌هیوان و لە ڕووداوەکاندا ون و بێکاریگەرن. ئەم دۆخە لانیکەم لە کورتخایەندا بەم شێوەیە دەبێ. هەر وەک باس کرا ئەم دۆخە کورتخایەن دەبێ. نە ترامپ بۆ هەمیشە لە کۆشکی سپیدا دەمێنیتەوە، نە ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران ئەوەندە بێ‌ئاسۆ دەمێنێتەوە کە باڵی ڕەشی سەرەڕۆیی بۆ هەمیشە بەسەر خەڵکی ئێرانەوە بێت