کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی ئامریکا کەرتی پۆڵا و کانزاکانی ئێرانی گرتەوە

16:05 - 19 بانەمەڕ 2719

لە درێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەستنەوەی ڕێگای فرۆشی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ئەم‌جار سەرۆک‌ کۆماری ئەمریکا دوناڵد ترامپ لە ساڵڕۆژی ڕۆیشتنە دەرەوەی لە ڕێککەوتنی بەرنامەی ناوکی ئێران واتە "بەرجام"، بڕیاری گەمارۆدانی بەشی سەرچاوە پۆڵاییەکان و ئاسنی ئێرانی بە بەشێک لە گەمارۆکان زانی و گوشاری زیاتری خستە سەر ئێران. بەپێی هەواڵنێری ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بانەمەڕ دوناڵد ترامپ ، ئاماژەی بە زیاتر کردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئێران وەکوو دۆڵار و نەوت کردبوو و لەم بارەوە وتبووی دەبێ ئەمجار گوشار بخەینە سەر بەشەکانی پۆڵا و ئاسن و مس و ئالومێنیۆم لە ئێران. بەهۆی زۆربوونی کانزاکانی ئاسن و پۆڵا لە ئێران هەناردەکردنی جۆرەکان ئاسنی ئێران دوای نەوت، یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی داهاتی ئابووری ئەم وڵاتەیە کە بەگشتی ١٠ لەسەدی هەناردەکانی ئێران هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئاسن و پۆڵا. سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێککەوتنی "بەرجام" بە کردەوەیەکی نادرووستی زانی و دیسان مەحکوومی کردەوە و سەبارەت بە ئێران ئاگاداری داوە کە ئەگەر ڕەفتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاری تێدا نەبێت گەمارۆکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەکاتەوە. زیاتر کردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە بۆ لادان و سەرپێچی ئێران لە بەرنامەی ناوکی "بەرجام" کە ڕۆژی چوارشەممە شووڕای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکی فەرمی، باسی لەوە کرد کە لە هەندێک لە بڕیارەکانی بەرنامەی "بەرجام" دەکشێتەوە. ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران "عەبباس عەراقچی" لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی سنووری دیاری کراوی بۆ درووستکردنی ئورانیۆم نییە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەدا ڕادەی دروستکردنی ئورانیۆم زیاتر بکەینەوە. کۆماری ئیسلامی لە درێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا زۆر زیاتر لە پێش گوشاری لەسەرە و زۆربەی ڕێگا نەوتییەکانی لێ بەستراوە و ئەمجارە دوناڵد ترامپ قامکی لەسەر گەمارۆی ئاسن و پۆڵا داناوە کە بەم شێوە قەیرانەکانی ئیران زۆر تر دەبنەوە و دەوڵەتی ڕووحانی بەسەختی دەتوانێ بەرەنگاری ئەم چەشنە قەیرانانە ببێتەوە.