کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن هۆشداریی دایە بانک و کۆمپانیاکانی ئورووپا

21:36 - 19 بانەمەڕ 2719

کۆشکی سپی هۆشداری دایە ئەو بانک و کۆمپانیانەی کە دەیانهەوێ لە ڕێگای ڕێکاری دارایی یەکیەتیی ئورووپاوە بازرگانی و مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن. ڕۆژی چوار شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کاربەدەستێکی پلەبەرزی ئەمریکایی هۆشداریی دایە بانک و کۆمپانیا ئورووپاییەکان بۆ ئەوەی خۆیان دوور بگرن لە مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. تیم مۆریسۆن" یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەمزوانە گەمارۆکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکەین و هۆشداریی دا کە پێویستە سەرمایەدار و کۆمپانیا و بانکە ئورووپاییەکان لەبیری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابن و لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە داراییەکانی ئورووپا لەگەڵ ئێران، مامەڵە نەکەن. دوای ئەوەی کە یەک ساڵ بەر لە ئێستا تڕامپ بە بڕیارێکی یەکلایەنە لە بەرجام هاتە دەرەوە، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕاگەیاند و قەرار بوو لە ماوەی سێ مانگدا بانکی تایبەت بۆ کاری بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەنەوە و هەموو مامەڵە و بازرگانییەکانی ئورووپاییەکان لەچوارچێوەی ئەو ڕێکارەدا بێ کە یەکیەتیی ئورووپا بڕیاری لەسەر دەدا. ئێستا یەک ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەی ئورووپاییەکاندا تێدەپەڕێ بەڵام هەنووکە نەک هەر هیچ خەبەرێکی دڵخۆشکەر لەسەر بەرجام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگادا نییە، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێ و ئورووپاییەکان بە هێنانەوەی هێندێک شەرت و شرووتی وەک پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تێرۆر، تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک و دەستێوەردان و ئاژاوەگێری لە ناوچەکە و جیهاندا، خۆیان لە بە کردەیی کردنی ئەو ڕیکارە داراییە پاراستوە کە بڕیار بوو ساڵێک لەمەوبەر کاری پێبکرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە هەموو لایەکەوە لە مەنگەنە دایە و هیوایەکی بە ئورووپاییەکان نەماوە، دوێنێ حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیران ڕایگەیاند کە لە چەند خاڵێکی ڕێککەوتنی بەرجام دەکشینەوە و ماوەی شەست ڕۆژی بۆ یەکیەتیی ئورووپا دانا کە پابەندی خۆی بە ڕێککەوتنی بەرجام بسەلمێنێ, بەڵام لە یەکەمین کاردانەوەدا ئەکیەتیی ئورووپا ئەو ئۆلتیماتیۆمەی کۆماری ئیسلامی رەتکردەوە. شایانی باسە کە ئورووپاییەکان لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا بە قسە پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتنی بەرجام ڕاگەیاندووە بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان بۆی هەڵنەهێناوتەوە و نایانهەوێ پێوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا فیدای ڕێژیمێکی تێرۆریست و ئاژاوەگێر بکەن و سەرئێشە بۆ خۆیان و بانک و کۆمپانیاکانیان ساز بکەن.