کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی دوو کۆڵبەری دیکەی کورد لە دوو ڕۆژدا

05:07 - 21 بانەمەڕ 2719

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری دیکەش بوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیم. یەک لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرا و ئەوی دیکەیان لە ئاکامی تەقە و ڕاوەدوونانی هێزەکانی ڕێژیمدا لە شاخ بەربۆوە و گیانی لە دەست دا. هێزە کوردکوژەکانی ڕێژیم لە پیرانشار کاسبکارێکی خەڵکی سۆغانلووی ئەم شارەیان کوشت. تازەترین قوربانیی دەستی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی "ئەسعەد بۆرەکە"ی ناو بوو کە ڕۆژی هەینی، 20ی بانەمەڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا. ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕیش، پۆلێکی کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی ڕێژیم. یەک لەو کۆڵبەرانە دوای ڕاکردن لە شوێنی ڕووداوەکە و بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزەکانی ڕێژیم لە هەڵدێر بەر بۆتەوە و گیانی لە دەست داوە. ناوبراو "هادی مووسازادە"ی ناو بووە و خەڵکی جوانڕۆ و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە. چوار ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوەش هەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کۆڵبەرێکی دی بە ناوی سادق عەزیزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژرابوو. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی بانەمەڕ تەرمی "باسام مورادی" دۆزرایەوە. لە مانگی سەرماوزی ساڵی ڕابردوو کۆڵبەرێک بە ناوی "بەسام مورادی" خەڵکی ئاوایی تفێن، بێسەروشوێن ببوو، هەتا پێنج شەممە تەرمی ناوبراو دۆزرایەوە. شایانی باسە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 29 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.