کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ئەمریکایی لە کۆماری ئیسلامی

21:17 - 21 بانەمەڕ 2719

دوای ڕەوانەکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وەڕێکەوتنی بەرەو کەنداوی فارس، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێیان نایە قۆناخێکی دیکە و خەریکە دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی ئاڵۆزتر هەنگاو دەنێ. دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بە چەکی پۆشتە و پەرداخی مۆدێڕن و تێکنۆلۆژی پێشکەوتووی شەڕ بەرەو کەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەمانکاتدا وتووێژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتنەکردۆتەوە و لەمڕۆژانەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بێ منەتانە ڕایگەیاند کە با سەرانی کۆماری ئیسلامی پێوەندی پێوە بکەن و بێن دانووستانی لەگەڵ بکەن. بۆ وەڵامی قسەکانی تڕامپ، سپای پاسداران هەر جۆرە وتووێژێکی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە. لەگەڵ ئەوەی کە سپای پاسداران لە مێدیاکاندا وتووێژی ڕەتکردەوە، بەڵام کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران لەبیری دۆزینەوەی ڕێگایەکدان بۆ خۆدەرباز کردن لەو قەیرانەی کە بۆ خۆیان پێکیان هێناوە. محەممەد جەوادی زەریف لەسەفەری خۆیدا بۆ ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەو بە دەسەڵاتی تەواوە هاتۆتە ئەمریکا و ئامادەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا وتووێژ بکا، بەڵام هیچ کاربەدەستێکی دەوڵەتی تڕامپ بایەخی بە پێشنیارەکەی ناوبراو نەدا و دەست بەتاڵ گەڕایەوە ئێران. هەر لە پێوەندی لە گەڵ گرژییەکاندا، کاربەدەستانی پلە بەرزی ئەمریکایی لە بنکەی سەرەکی "سی ئای ئەی" کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نهێنیان ڕێکخست. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەو کۆبوونەوانە دەگمەن و بۆ کاتی تایبەت و وەشاندنی گورزی سەربازی پێک دێن و کۆبوونەوەکەش پێوەندی بە ئێرانەوە هەبووە. هەر دوای ڕەوانەکردنی پاپۆڕی فرۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن بە ٧٠ فڕۆکەی شەڕکەر و تۆپخانەوە، چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەری "بی ٥٢" ڕەوانەی قەتەر کران. دوابەدوای ئەوان ئێستا ئەمریکا بڕیاری داوە کە کەشتی شەڕکەری دیکەش بە ناوی "یواس‌اس آرلینگتون" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکا. پێشتر سپای پاسداران هەڕەشەی لە ئەمریکا دەکرد کە بۆ ڕەتبوون بە گەرووی هۆرمزد دەبێ پرس وڕا بە سپای پاسداران بکرێ، بەڵام فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا دوێنی ڕایگەیاند کە بۆ ڕەتبوونمان بە گەرووی هۆرمزدا هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێی خۆمان نابینین کە ئەوەش هەڕەشەیەک بوو لە سپای پاسداران و بە هەند وەرنەگرتنی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.