کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەردەوامن

21:18 - 21 بانەمەڕ 2719

گوشارەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بوونەتە سەردێڕی باس و بابەتەکانی مێدیاکانی جیهان و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ. گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە ئەو ڕێژیمە کەوتۆتە پەلەقاژە و تەنانەت دۆستە نزیکەکانیشی ئاوڕێکی بەخێری لێنادەنەوە. دوو دەوڵەتی زلهێزی دنیا کە چین و ڕووسیەن و پێشتر لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە ئێرانەوە دژایەتیی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام ئێستا کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیان هەیە، بە تەنیا لە دەریادا جێیان هێشتوە. ڕووسیە کە لەگەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئێران ٦ میلیارد و ٥٠٠ هەزار دۆلار قازانجی پێدەگا، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دژکردەوەیەکی ئەوتۆی لە بەرابەر ئەمریکادا لەخۆی نیشان نەداوە. دوێنی گەورەترین کۆمپانیاکانی چین کە کڕیاری نەوتی ئێران بوون، کڕینی نەوتی ئێرانیان ڕاگرت و نەیانویست پێوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا فیدای کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن. وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا ماوەی یەکساڵە خەریکی ئامادەکردنی ڕێکارێکن بۆ مامەڵە و بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا هەر ئەمڕۆ بە سبەی بەو ڕێژیمە دەکەن. لە دوایین کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بەو هەڵوێستەی ئورووپاییەکان، حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئیران ماوەی ٦٠ ڕۆژی بۆ یەکیەتیی ئورووپا دیاریکرد هەتا بەڵێنییەکانی خۆیان لە سەر بەرجام جێبەجی بکەن، بەڵام ئورووپاییەکان وڵامێکی توندیان بە کۆماری ئیسلامی دایەوە و شەرت وشرووت و ئۆلتیماتیۆمی کۆماری ئیسلامیان ڕەتکردەوە. چەند دەوڵەتێکی ئورووپایی هۆشداریان دایە ئێران کە بچووکترین دەسکاریی ڕێککەوتننامەی بەرجام، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئورووپا بۆ سەر ئێران. لە لایەکیترەوە ئەمریکا بە ڕەوانەکردنی کەشتی و فڕۆکەی شەڕکەر و هێزی سەربازی، ئاڵقەی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی تەنگتر کردۆتەوە و لە بواری سەربازیشدا گەمارۆی داوە. پێشتر کە هەموو سەرنجەکان لە سەر گەمارۆ نەوتی و ئابوورییەکان بوو، ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر چەک و فڕۆکە و هێزی سەربازین و چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕێکی دیکەن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. پێش ئەوەی کە ئەمریکا کەشتی و فڕۆکە شەڕکەرەکانی بەرەو کاناڵی سوئێز و گەرووی هۆرمز بەڕێبکا، فەرماندەرانی سپای پاسداران کە دەستیان بە خوێنی ژن و منداڵی بێدیفاعی سووریە سوور بوو و لەوێ وەک قارەمان خۆیان نیشاندەدا، هەڕەشەیان لە ئەمریکا دەکرد و بە خۆهەڵکێشان و هەڕوگیف دەیانەویست هێز و توانای خۆیان بە خەڵکی ئێران و جیهان نیشان بدەن، بەڵام کە شەر دەرگای پێگرتن، کەوتنە پاڕانەوە و لاڵانەوە و لە دەرگای هەموو ۆلاتێک دەدەن بۆ ئەوەی کە لەو شەڕ و قەیرانە دەربازیان بکەن کە ماوەی چل ساڵە بە دروشمی مردن بۆ ئەمریکا لای وڵاتانی ئیسلامی خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن و ئێستاش بۆ نەجاتی دەوڵەتە گەندەڵەکەیان خەریکی نزا و پاڕانەوەن تا بەڵکوو وڵاتان یا لایەنێک لە غەیبەوە لە فریایان بکەوێ.