کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیمانەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل

20:36 - 22 بانەمەڕ 2719

کێشە و ناکۆکییەکانی ئێران و ئیسڕائیل تا دێ زیاتر پەرەدەستێنی و لە لێدوان و هەڕەشەوە و گەیشتۆتە هێرشی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سووریە. وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک حەفتەدا دوو جار باسی لە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و کۆماری ئیسلامی کرد. ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سپای پاسداران لە وڵاتی سووریە دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران. زەریف ئەو هێرشانەی ئیسڕائیلی بۆ سەر هێزەکانی سپای پاسدارانی بە گێچەڵ ساز کردن ناوبرد. وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لێیدەپرسن ئایا شەڕ لە نێوانن ئێران و ئیسڕائیل روودەدا، دەڵێ ناتوانم بڵێم شەڕ ڕوو نادا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا ماوەی چل ساڵە دروشمی لە ناوچوونی ئیسرائیل دەدا و لەوبارەوە لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی و پەروەردەکردنی تێرۆریست بۆ دژایەتی ئیسڕائیل درێغی نەکردووە. پشتیوانی لە میلیشیاکان و گرووپە تێرۆریستییەکان لە فەلەستین و لوبنان بە خەیاڵی لەنێوبردنی ئیسڕائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەوڵێکی زۆری بۆ دراوە و تێچوویەکی زۆریشی هەبووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگە لەوەی کە لەنێوخۆی ئێران خەڵکی بۆ دژایەتی ئیسڕائیل هانداوە و سەرمایەیەکی زۆری لەو ڕیگەیەدا بەفیڕۆداوە، لە دەرەوەی سنوورەکانیش بێکار دانەنیشتوە و لە هەر فورسەتێک کە بۆی هەڵکەوتبێ بۆ دژایەتی ئیسڕائیل کەلکی لێوەرگرتوە. چوونی هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران و پێکهێنانی میلیشیای جۆراوجۆر لە سووریە، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاتر کرد و ئیسڕائیل بوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر وڵاتەکەی زانی و تەحەممولکردنی دژمنی لە دراوسێیەتی خۆی پێ قبووڵ نەکرا و تا ئێستا لە ڕێگای فڕۆکە و مووشەکەوە بە هەزاران هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوەکانی ئەو سپایە و چەکدارێکی زۆری ئێرانی لەو ڕێگایەدا تێداچوون. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماوەی چوار دەیەیە فەرمانی لە ناوچوونی ئیسڕائیل دەدا، دەیهەوێ هەروا سووک و ئاسان لە نزیک سنوورەکانی ئەو وڵاتە خەریکی پیلانگێری بێ و ئیسرائیلیش بێدەنگ دانیشێ و چاوەڕێی جێبەجیکردنی پلانەکانی دژمنەکەی بێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی باڵادەستی دا بە هەڕەشە و ترساندن دەیهەوێ هێژمونیی خۆی بەسەر گەلان و وڵاتانی ناوچەدا بسەپێنێ و لە کاتی تەنگانەش دا وەک مەڕی بێدەسەڵات خۆی نیشاندەدا و دەست دەکا بە پاڕانەوە و دەبێتە کۆتری ئاشتی، بەڵام ئەو سیاسەتە فریودەرانەیەی کۆماری ئیسلامی دەمێکە بۆ خەڵک ئاشکرا بوو ە و تازە هیچ لایەنێک دیفاع و پشتیوانی لێناکا و لەوە زیاتر ناتوانێ درۆ تەحویلی بیروڕای گشتیی جیهانیی بدا.