کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مل دەبەر نانی تڕامپ، خەریکە جێ پێی کۆماری ئیسلامی لەق دەکات

04:41 - 23 بانەمەڕ 2719

ململانێی بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ هەروا بێلێکدانەوە نییە و نەبووە، هەر لە ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاریەوە تڕامپ بە گوێی دنیای ڕاگەیاند، کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پێش لە هەموو شتێکی ترن؛ ئەوەشی بە کردەوە نیشان داوە. ململانەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر یەکێک لەو ستراتێژیانەی تڕامپە. ئەو نایهەوێ ئێران هەر لە باری ئابوورییەوە وێران بێ و بەم شێوەیە خەڵک حکوومەتەکەیان بکێشنە بەر دادگای لێپرسینەوە، بەڵکوو دەیهەوێ پشتیوانیی سیاسی کە لەلایەن هێندێک ناوەند و دەوڵەت و ڕێکخراوەوە دەکرێ لاواز بکات؛ یان لانیکەم ئەگەر بکرێ نەیهێڵێ. ئەمجارەیان دەیهەوێ کۆماری ئیسلامی تەریکتر لە هەموو کات بێڵێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی چۆک دابدا و تەسلیمی هەموو ویستەکانی ئەمریکا بێ، یان بێتە سەنگەرەوە و پەنا بۆ شەڕێکی نابەرامبەر بەرێ. کە لە هەردوو حاڵەتدا، بە دڵنیاییەوە هەر ئێرانە دۆڕاوە. تڕامپ ساڵێک لەمەو بەر لە ٨/٥/٢٠١٨دا لە بەرجام یەکلایەنە کشایەوە و ڕایگەیاند کە هیچ یەک لەو خاڵانەی نێو بەرجام بە جیدی ناگرێ و ئامادەشە بۆ دانیشتن و باس لەسەرکردن، ئەوەی کە ڕایگەیاند کە ئامادەیە بۆ باس و دانیشتنی نوێ، لە لایەن دنیاوە وا وەرگیرا لەوانەیە تڕامپ لە دانیشتن لەگەڵ ئێرانییەکاندا ئەو خاڵانە بە شێوەیەکی دیکە و زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێنێتەوە بەرباس و؛ بەم شێوەیە بەرجام بەرگێکی دیکە بکاتە بەر و شانسی مانەوەی هەبێ. بەڵام کایەی سیاسیی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای تڕامپ، تەنیا مەبەستی ئەوە بوو، کە کۆماری ئیسلامی بارووژێنێ و کارێکی پێ بکا، کە لەو بەناو بەرجامە بکشێتەوە. ئەوەی کە ئەمریکا شاهیدی بوو و باوەڕیان نەدەکرد کە ئەوەندە بخایەنێ، سەبر و حەوسەلەی ڕێژیمی مەلاکان بوو. ئەوان یەکساڵ ددانیان بە جەرگی خۆیاندا گرت. ئەمجار تڕامپ و تیمەکەی بەپەلە بوون و هاتن لە هەنگاوێکی دیکەدا، ڕێژیمیان زیاتر ورووژاند بۆ ئەوەی بەرجام ڕەد بکەنەوە بەم کارەیان، شەپێکیان لە دۆستایەتیی بەینی ئێران و ئورووپا دابێ. کە لە ئێستادا ئەو شەپ لێدانە بۆ ئەمریکا زۆر پێویستە. ئەمریکا هەموو هەوڵی ئەوەیە ئورووپا دەست لەو زڕبرایەتییەی ئاخوندەکان هەڵگرێ و بێتە سەر ئەو باوەڕە، کە ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتیی جیهان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی. لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا، ڕێک ئەوەی ساڵێک لەمەو بەر، لەلایەن دەوڵەتی تڕامپ چاوەڕوان دەکرا، حەسەنی ڕۆحانی ڕایگەیاند: "شەست ڕۆژ دەرفەت دەدەین بە ئورووپاییەکان و ئەگەر نەتوانن ئەو ئەرکانەی وا لە سەرشانیانە بە دروستی جێبەجێ بکەن ئەوە ئێمەش لەو بەشانەی کەدیاری کراون دەکشێینەوە." ئورووپا بێ سێ و دوو لێکردن و یەک دەنی ئەو ئولتیماتیڤەی ڕەد کردەوە. ئەمریکا چاوەڕوانی هەڵوێستێکی وەها لەلایەن ئێرانەوە بوو، بەڵام ڕێژیم سەبر و حەوسەلەی زۆری نیشان دا، ئەمریکا فکری لە هێندێک شتی دیکە کردەوە و بەسەر ئێران و دامودەزگاکانیدا سەپاندن، لەوانە درێژ نەکردنەوەی مۆڵەتی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن دۆستەکانی ئەمریکاوە، خستنە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و زیادکردنی ئابلۆقە ئابوورییەکان و زۆر وردەکاری دیکە، کە سەرەنجام ئێرانی گەیاندە ئەو ئاستە کە سەبرەکەی ببڕێ و هەڵوێست بگرێ. لێرە دایە کە مام تڕامپ هیچ دانیشتنێک لەسەر مەسەلەی ناوەکیی ئێرانی ناوێ و دەیهەوێ ئەم کشانەوەیە لە بەرجامیش بە قیمەتێکی باش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بە ئورووپا بفرۆشێ. دەڵێ کۆماری ئیسلامی حکوومەتێک نییە، کە جێگای باوەڕ و متمانە بێ و لە ئەسڵی خۆیدا نابێ ئەگەر بشمێنێ، بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ماڵوێرانکەری ئەتۆم ڕابگات. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران لە مانەوەی خۆی و هەوڵدان بۆ بەئەتومی بوونەکەی دەبێ سەرپشک بێ، هەردووکیان بەیەکەوە نابن. مانەوەش بە چ قیمەتێک؟! دەبێ لە سەرچۆک لە بەرامبەر ئەمریکادا بمرن، کە هیوادارم ئەوکات خەڵکی ئێران ئەوەیان لێ قەبووڵ نەکەن و بۆ هەمیشە تووڕیان هەڵدەن و مرۆڤایەتی لەدەست ئەم غودە سەرتانییە ڕزگار بکەن. ئەگینا ئەوە ئەگەر هەر وەفادار بە ئەتۆمەکەیان بمێننەوە و هێندێک لە دۆستەکانیان شووتییان دەبن هەنگڵ نێن، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەکەونە بەر غەزەبی تڕامپ و دەور و بەری و ئەوکات هەر ئاخوندێک دووتمەنی ئێستای ئێرانی پڕ بە پێستی دەبێ. کەوابێ لە هەردوو حاڵەتدا مەسەلەی ئەتۆمی قوڕێکە کە ئاخوندەکان بە دەستی خۆیان بۆ خۆیان گرتۆتەوە و خەریکە تێدا دەخنکێن، مەسەلەی ئەتۆم کارێکە کە باوەڕ ناکەم تازە ئەمریکا بیهەوێ لە سەری ڕێککەوتنێکی هەبێ. ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشییە، جان بۆڵتنی ڕاوێژکاری ئەمنیەتی و وەزیری دەرەوە پۆمپێئۆ دەمێکە هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە، کە ئەم ناوچەیە و دنیاش ئەوکات ئارامی و ئەمنیەتی زیاتری دەبێ، لە ئەگەری نەمانی ئەم ڕێژیمەدا. ئەم ڕوانگەیەش جێی تێڕامانە چونکی لە مێژووی ئەو چەند ساڵەی هەر لە ڕۆژی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئەمڕۆ بڕوانن، لە هەر شوێنێک کێشە و گێرەشێوێنییەک هەبێ یان هەبووبێ، بێگومان لە کونێکەوە فوویان لە ئاورەکە کردووە یان دەیکەن. ئەگەر بۆخۆشی ڕاستەوخۆ دەستی پێڕانەگا بە میلیۆن و ملیارد خەرج دەکا بۆ ئەوەی کێشەکان گەورە بنەوە؛ دنیاش دوای چل و شتێک ساڵ وردە وردە هەست بە بەرنامەکانی ئەو حکوومەتە تێرۆریستە دەکا. شەڕەکە هەیە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی ئاگرکەوتنەوە، جارێ هەر ژیلەمۆیە و وەک خۆڵەمێشی داخ هەر لە ژێرەوە دەسووتێنێ، بەڵام ئەگەر ئەو بایە لەو کونەوە بێ، ڕێگایەکی دیکە نییە بێجگە لە ئێرانێکی بێ ئاخوند. هیوادارم ئەو ئێرانە لە داهاتوودا بتوانێ ببێتە وڵاتێک، کە لەودا مافەکانی مرۆڤ وەبەرچاو بگیردرێن و بپارێزرێن و بەتایبەتی نەتەوەکانی نێو ئەو چوارچێوەیە بێهیچ جیاوازییەک بە مافەکانی خۆیان بگەن.