کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی سەرئاواڵای شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران بۆ سەرۆک‌وەزیرانی عێراق

18:27 - 23 بانەمەڕ 2719

شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران لە نامەیەکی سەرئاواڵادا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک‌وەزیرانی عێراق کرد کە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە ئێران بکشێنێتەوە. شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران کە پێکهاتوە لە چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ئێرانی و کوردستانی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەکا، بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی، داوای لە سەرۆک‌وەزیرانی عیراق کرد کە حەشدی شەعبی کە دوای شەڕی داعش پێکهاتووە و فەرمان لە سپای تێرۆریستی قودسی سەر بە سپای پاسداران وەردەگرێ، دوای لافاو و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە سەرداوای سپای پاسداران هاتوونە نێو خاکی ئێران، لە خاکی ئەو وڵاتە بەرێتە دەر. لە نامەی شووڕای دێموکراسیخوازاندا ئاماژە بەوەکراوە کە چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئێران نایاساییە و خەڵکی ئێران لە چوونی ئەو هێزە بۆ وڵاتەکەیان نیگەرانن. هەر لە نامەکەدا ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لە وڵاتانی ناوچەکە و شەڕانگێزی ئەو سپا تێرۆریستییە کراوە کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئیرانی تێیدا بەفیڕۆ دراوە و ئەوەش بۆتە بەشێک لە نەبوونی و بێکاری و برسییەتی خەڵکی ئێران. لە نامەکەدا هاتوە: سپای پاسداران لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بە هێزێکی تێرۆریست و سەرکوتکەر ناسراوە و لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانەوە سپایەکی دژی گەلییە و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامییە. لەو کاتە هەستیارەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەرانبەر خەڵکی ئێراندا ڕاوەستاون و هاودەستی سپای پاسدارانن. لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتوە: حەشدەی شەعبی بە پێی یاسای پارلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشێوەی ڕەسمی بۆتە بەشێک لە ئەرتەشی عێراق. ئێستا ئەو هێزە چەکدارە وەک بەشێک لە ئەرتەشی عێراق بە شێوەی نایاسایی چۆتە ناو خاکی ئێران. بەشێکی دیکەی نامەکە تەرخان کراوە بۆ دۆستایەتی نێوان خەڵکی دوو وڵاتی ئێران و عێراق و داواکراوە کە سەرۆک‌وەزیران لە دەسەڵاتی یاسایی خۆی کەڵک وەربگرێ و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە ئێران بباتە دەرەوە دەنا خەڵکی ئێران خۆیان هەڵوێست دەگرن و لە وڵاتی خۆیان وەدەریان دەنێن.