کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی ژنێکی دیکە لە شاری سنە

20:33 - 23 بانەمەڕ 2719

ژنێکی دیکەی خەڵکی شاری سنە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سنەوە بە دەستمان گەیشتووە ژنێک بە ناوی نەسرین زەمانی کارناسی بواری کشت وکاڵ و خاوەنی کچێکی ٤ ساڵان بە هۆکاری ناڕوون پەنای بۆ خۆکوشتن بردوەو گیانی لە دەست‌داوە. ناوبراو شەوی ١٢ی بانەمەڕ هەوڵی خۆکوشتنی داوەو پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە دوای ٥ ڕۆژی گیانی لەدەست‌داوە. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو ژنە کاتژمێر سێی نیوەشەو خۆی هەڵواسیوەو، بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی کە زانیویانە هێشتا زیندووە، پۆلیسی ١١٠ی هێزە ئینتیزامییەکان ڕێگەی نەداوە لاشەی نیوەگیانی بهێننە خوارەوەو، بەو هۆیەوە کە دەبێ "بازرسی کێشک" لە شوێنی ڕاووداوەکە ئامادە بێت. هەر بە پێی ئەوسەرچاوەیە پاش ئەوەی دەیبەنە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە "بازرسی کێشک" هەڕەشەی لە تیمی پزیشکی و مەئموورانی ئنتیزامی کردووە کە بۆ بە ئیجازەی من لاشەی نیوەگیانی ئەو ژنەتان هێناوەتە نەخۆشخانە. ئەوە لە کاتیكدایە بە پێی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەو ژنە ماوەی ٤٥ خولەک تا یەک کاتژمێر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ئەگەر هەمان کات فریای بکەوتبان ئەگەری زیندوومانی زۆرتر دەبوو. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە تەنیا لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٤ حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو ژنان و کچانی کوردستان ڕووی داوە.