کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی حەسەن ڕووحانی لەسەر بێدەسەڵاتی دەوڵەتەکەی

20:38 - 23 بانەمەڕ 2719

لە کاتێکدا کە گوشارە نێونەتەوەیی و ئابوورییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاترن، حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ چالاکانی سیاسی ڕایگەیاند پێویستە پرسیار بکرێ کە دەوڵەت لە سیاسەتی دەرەوەدا چەندە خاوەن دەسەڵاتی . ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ چالاکانی سیاسی پێکهێنا و وکۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە ئێران و جیهان و ناوچەکەی خستە بەرباس. ڕووحانی لە قسەکانیدا گوتی: "کاتێک لەسەر بابەتێک باس و پرسیار دەکرێ، پێویستە بەشێوەیەکی دیکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و بزانن کە دەوڵەت لەو بوارەدا چەندە دەسەڵاتی هەیە". ناوبراو ئاماژەی بە سیاسەتی دەرەوە، فەرهەنگ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کرد کە دەوڵەت دەسەڵات و توانایەکی ئەوتۆی بەسەر ئەو بەشانەدا نییە. قسەکانی ڕووحانی لە کاتێکدایە کە پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار، بەڵینی بە خەڵکدا کە ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار، زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکا کە دیارە زۆرتر مەبەستی کەرووبی و مووسەوی بوو،بەڵام کاتێک بوو بە سەرۆک کۆمار، بەڵێنەکەی خۆی شکاند و ڕایگەیاند کە ئازاد کردنی زیندانیان سیاسی لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە. جێی ئاماژەیە کە لە کاتی سەردانی بەشار ئەسەد بۆ تاران، بە جێگەی وەزیری دەرەوەی ئێران، قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران پێشوازی لێکرد و بۆلای ڕیبەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆک کۆمار هەر خۆی یاوەریی کرد. دەوڵەتەکەی حەسەن ڕووحانی لەگەڵ ئەوەی کە هەر وەک دەوڵەتاکانی پێش خۆی دەوڵەتێکی دژی گەلی و سەرکوتکەرە و هیچ ڕیزێک لە مافی گەلانی ئێران ناگرێ، بەڵام هەر لەو کاتەشدا لە سەرووی ئەو، دەوڵەتێکی خاوەن دەسەڵات لە ئێران حکوومەت دەکا کە سپای پاسدارانە و ڕاستەوخۆ فەرمان لە عەلی خامنەیی سەرۆک کۆماری ئێران وەردەگرێ. قسەکانی رووحانی و زۆر لە کاربەدەستانی دەوڵەتەکەی ناڕەزایەتیان پێوەدیارە و بەشێوەی جۆراوجۆر باس لە دوودەستەگی و بێدەسەڵاتیی خۆیان دەکەن. کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕووحانی لەبەرابەر هێزی چەکداری سپای پاسداراندا زەلیل و بێدەسەڵاتن و هەر جارە بە بیانوویەک لە کۆبوونەوە و لێدوانی جۆراوجۆردا ترسنۆکانە گلەیی و بێدەسەڵاتی خۆیان بەگوێی خەڵک و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەگەیەنن و لە لایەکی دیکەوە دەیانهەوێ خۆیان لەژێر باری بەرپرسایەتی قوتار بکەن و هەموو کێشە و گرفتەکانی وڵات بخەنە ئەستۆی سپای پاسدارانی سەر بە عەلی خامنەیی ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.