کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ ئێرانی لە ئاکامی هەر جموجۆڵێکی خراپکارانە ئاگادار کردەوە

06:41 - 24 بانەمەڕ 2719

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا، ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەگەر تووشی هەڵەیەک بێ، پێویستە باجەکەی بدات. ترامپ لە درێژەی چاوپێکەونێکی لە گەڵ ڤیکتۆر ئووریان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی مەجارستان لە کۆشکی سپی‌دا وتی؛ "کۆمەڵێک هەواڵی چووکەمان لە پێوەندی لە گەڵ جموجۆڵەکانی ئێران بەر گوێ دەکەوێ. ئێران نابێ ئەو هەڵە گەورەیە بکا". دۆناڵد ترامپ لە شوێنێکی دیکە و لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا وتی:"ئەگەر ئێران چووکەکترین جموجۆڵی دژ بە ئامریکا هەبێت، دەبێ خۆی بەرپرسارێتی ئاکامی ئەو کارەی بگرێتە ئەستۆ". ناوبرا لە وڵامی هەواڵنێرێکدا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئامریکا و ئێراندا وتی: "دەبینن کە چی دەبێ"!!. سەرۆکۆماری ئامریکا ئەم قسانەی ڕۆژێک دوای هێرش بۆ سەر چەند کەشتیی بارهەڵگر لە ئاوەکانی ئیماراتی عەرەبی کردن و لە قسەکانیدا وای نواند کە دەستی ئێران لە پشت ئەم هێرشانەوە هەیە. ئامریکاییەکان لە یەک حەوتووی ڕابردوودا بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک جموجۆڵی لە ناوچەکەدا کردوە کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لەم ناوچەکەدا هەیە. هەر بۆیە بە هێنانی ناوی ئابراهام لینکۆڵن، بۆ کەنداو و نزیککردنەوەی لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران دژکردەوەیان نیشان داوە. هەرچەند تا ئێستا هیچ لایەنێک هێرش بۆ سەر ئەو چوار کەشتییە بارهەڵگرەی وەئەستۆ نەگرتووە و تا ئێستاش بە شێوەی ڕەسمی رانەگەیەندراوە کە چ وڵات و لایەنێک دەستی لەم هێرشەدا هەبووە، بەڵام ئەو قسانەی دۆناڵد ترامپ ڕاست رۆژێک دوای ئەم رووداوە، نیشان دەدات کە کۆشکی سپی لە ئێران مەشکووکە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرش بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی لە ئاوەکانی ئیماراتی عەرەبی مەحکووم کرد. بەڵام بەسەر حاڵ ئەگەر ئێران هێرش بۆ سەر ئەم کەشتییانەی بەڕێوەبردبێ، ئامانجی ئەوە بووە کە بە جۆرێک جددییبوونی کۆشکی سپی هەڵبسەنگێنێ. بۆیە ترامپ بە دەرککردن بەم ئەگەرە بەم شێوە توندە پەیام بە ئێران دەدات و پێی دەڵێ کە ئاگای لە کردار و کردەوەکانی خۆی بێت، دەنا بەرانبەر بەئەم جمووجۆكانەی دژ بە ئامریکا لە ناوچەکەدا، دژکردەوەی توندی بەدواوە دەبێ.