کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو خوشکی کوژراو، لە بەهەشتی موحەممەدی شاری سنە

21:55 - 24 بانەمەڕ 2719

چالاکانی مافی ژنان و بەشێک لە چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە لە ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کوشتنی دوو خوشکی سنەیی خۆپیشاندانیان کرد. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ، لە بانگەوازێکی گشتی لە ژنانی سنەیی بۆ خۆپێشاندان سەبارەت بە کوشتن و خۆکوژی ژنانی کورد و هەروەها کوشتنی نامووسی دوو خوشکی سنەیی لە ناوچەی "نایسەر"ی شاری سنە ، لەسەر مەزاری "شایستە و ئەسرا ئەمینی " کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا هێزە ئنتیزامییەکانی شاری سنە پێشیان لە درێژەی خۆپیشاندانەکە گرت و، ئەو ڕێوڕەسمەیان تێکدا. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری "کوردستان و کورد" لە شاری سنە . کۆبوونەوەکە بەشێوەی مەدەنیانە و لەسەر بانگەوازی کەمپەینی نا بۆ کوشتنی ژنان پێکهاتبوو. سەرەتا ئامادەبووان بەڕاگرتنی چرکەیەک بێدەنگی هاوخەمی خۆیانیان بۆ کارەساتی ژنکوژی دەربڕی. بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەر زوو کۆبوونەوەکەیان تێکدا و بڵاوەیان بە بەشداربووان کرد. سەرەڕای ڕێگریی کردنی هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگەیان نەدا ڕێوڕەسمی قوربانیانی قەتڵگەل نامووسی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە بەڕێوە بچێت، بەشێک لە بەشداربووان شوێنی دیکەیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هەڵبژارد. شایانی باسە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی دڕندانەی دوو خوشک بە دەستی باوک و برایەک لە شاری سنە ژنانی چالاک و خەمخۆر بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە توڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر ئەو کارەساتە هەڵوێستیان گرت و خوازیاری ئەوەن کە پرسی کچان و ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران، مادام لە ڕووی یاساییەوە مافەکانیان پێشێلکراوە ، بەڵام گرینگیدان بەو بابەتە ببێتە ئەرکی کۆمەلگای مەدەنی وسیاسیی کوردستان.