کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئەم ڕۆژانە بۆ سەر نەوتکێشەکانی ئیمارت و عەڕەبستان

16:28 - 25 بانەمەڕ 2719

لەم حەفتەدا دوو جار هێرش کرایە سەر کەشتیەکانی ئیمارات و عەڕبستانی سەعوودی و کارادانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دوای گەمارۆکانی ئەمریکا و هەڕەشەکان بۆ بەستنی دوڕگەی هۆرمز لە لایەن سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمریکا هێز و چەک وتەقەمەنی و فڕۆکەی شەرکەری بە پێشکەوتووترین کەشتی شەڕکەرەوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. دوای ڕاگرتنی نەوتی ئێران، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کرد کە ئەگەر نەوتی ئێران نەڕوا، ڕیگە نادەن نەوت خەڵکی دیکەش بڕوا. لە هەمان کاتدا ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کاردانەوەی توندی ئەمریکای بە دواوە دەبێ. لەم حەفتەدا هێرشێک کرایە سەر چوار کەشتی نەوتکێشی ئیمارات و عەڕەبستان و لە یەکەمین لێکۆڵینەوەکاندا نێوی کۆماری ئیسلامی هاتە بەرباس و هێندێک سەرچاوە ڕاگەیانگەیاند کە ئێران دەستی لەو کردەوەیەدا هەیە. دوابەدوای ئەو هیرشە، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر دامەزراوەیەکی نەوتی عەڕەبستان و هەر زوو حوسیەکانی یەمەن بەرپرسایەتی خۆیان لە کردەوەیە ڕاگەیاند. دوێنی مەحەممەد جەوادی زەریف ڕایگەیاند کە ئێمە پێشبینی ئەو ڕووداوانەمان دەکرد. بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، چوار وڵاتی ئەمریکا، عەڕەبستان، فەڕانسە و نۆروێژ دەسبەکار بوون و جارێ تا ئێستا ئاکامی لیکۆڵینەوەکانیان نەداوەتە مێدیاکان، بەڵام بەپێی هەموو قەرینەکان و گەڕانەوەی بۆ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دژمنایەتی کوماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی و هەر دوابەدوای راگرتنی نەوتی ئێران، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئێران دەستی لەو خراپکاریانەدا هەیە و بە تایبەتی کە حوسیەکانی یەمەنی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکەی سەر نەوتی عەڕەبستانیان وەئەستۆ گرت.