کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

20:13 - 25 بانەمەڕ 2719

لە درێژەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆی تاران و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حیجابی زۆرەملێ و جلوبەرگی ئیجباری، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی بەسیج و لیباس شەخسییەکان تێکەڵ بە خۆپیشاندەران بوون و هێرشیان کردە سەریان و بڵاوەیان پێیان کرد. ڕاپۆرتەکان باس لە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ خۆپیشاندەرانی ناڕازی بە گەڵاڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر حیجاب و لەبەرکردنی جلوبەرگی زۆرەملی دەکەن. ویدیۆ و وێنەی ئەو هێرشانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەر دەستە. گرووپەکانی خۆپیشاندەری خوێندکاران چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەبارەت بە ناڕازی بوون بە حیجابی ئیجباری کۆماری ئیسلامی کۆ بوونەوە و نووسراوە و درووشمی " خۆمان جلوبەرگمان هەڵدەبژێرین" بە دەستیانەوە بوو. هەرلەم پەیوەندییەدا جێگری بەشی فەرهەنگی زانکۆی تاران "مەجید سەرسەنگی" ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو جۆرە بەرەنگار بوونەوەیێک لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەین و بە کەسانێکی حورمەتشکێن ناوی لە خۆپیشاندەران برد و گوتی هێزە ئەمنییەتییەکان لە زانکۆکاندا جێگرن. فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی،"حوسێن ئەشتەری" لەو بارەوە ڕایگەیاندووە:" هێزەکانی ئینتیزامی لەگەڵ بەسیج، ئەمساڵ گەشتەکان دەست پێدەکەن و ڕووبەڕووی کەسانێک دەبنەوە کە حیجابی ئیسلامییان نیە".