کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە حوکمی دادستێنی ئیسفەهان، دووچەرخەسواریی ژنان قەدەغە کرا

20:30 - 25 بانەمەڕ 2719

لە شاری ئیسفەهان دادستێنی ئەو شارە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد کە ژنانی دووچەرخە سواری ئەو شارە دەسبەسەر بکەن. چەند ڕۆژ پێش، یوسف تەباتەبایینژاد وتارخوێنی ڕۆژانی هەینی ئیسفەهان دژایەتی خۆی بۆ دووچەرخەسواریی ژنان راگەیاند. ناوبراو وێڕای دژایەتی لەگەڵ دووچەرخەسواریی ژنان ئەم کردەوەی بە کارێکی ناشەرعی و بە گوناح لە قەڵەمدا. هەر لەو کاتەدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی بەڕیوەبەرانی ئەو شارە کرد کە پێشتر لەوبارەوە قسەکانی ئەویان بە هەند وەرنەگرتوە. دوای قسەکانی وتارخوێنی رۆژی هەینی، قازی شاری ئیسفەهان بە دەرکردنی فەرمانێک ڕوو بە هێزە ئینتیزامییەکان و شارەداریی ئەو شارە ڕایگەیاند کە لەمەودوا دووچەرخەسواریی ژنان قەدەغەیە و لە هەر شوێنێک بینران کارتی پێناسیان لێ بستێنن و دووچەرخەکانیان ڕاگرن. لەگەڵ ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا دووچەرخەسواری ژنان بە تاوان حیساب نەکراوە، بەڵام بۆ یەکەم جارە کە قازیی شارێک بە دەرکردنی فەرمانی ڕەسمیی، دووچەرخەسواریی ژنان قەدەغە دەکا. ژنانی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەوتنە بەر غەزەبی ئاخوندە کۆنەپەرەستەکان و هەموو مافە ئینسانی و یاساییەکانیان پێشیلکردوون. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا نەیهێشتوە ژنان هێز و تواناکانیان دەربخەن و ویستوویەتی هەر لە کونجی ماڵەوەدا ئەسیریان بکا و بە ماف و ئازادیەکانیان ئاشنا نەبن. ژنانی ئێرانی لەگەڵ ئەوەی کە لەگەڵ گوشاری هێزەکانی ڕێژیمدا بەرەوڕووبوونەوە، بەڵام هەمیشە پێشەنگی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بوون و لەبەرانبەر زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئاخوندیدا چۆکیان دانەداوە و بەشێوەی جۆراوجۆر دژایەتی خۆیان لەگەڵ یاسا دواکەوتوەکانی دژ بە ژنان دەربڕیوە. حیجابی ئیجباری و پۆشینی جلوبەرگ هەمیشە جێی ناکۆکی نێوان ژنان و هێزە ئەمنییەکان بووە و ڕۆژانە کێشە و گرفتی جۆراوجۆری لێ ساز دەبێ. پۆشینی جلوبەرگ سەرەتاییترین مافی ژنانە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی بەرەوڕوو بۆتەوە بە بیانووی جۆراوجۆر ڕۆژانە بێڕێزی و بێحورمەت بە ژنانی ئێرانی دەکرێ. ژنانی خەباتکاری کورد وەک پێشەنگی ژنانی ئازادیخوازی ئێران هەردەم لە ڕیزی پیاواندا بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان خەباتیان کردووە و نەک هەر دژی حیجابی ئیجباری، بەڵکوو وەک پێشمەرگە گیان لەسەردەست لە سەنگەر پێشەوەی دژ بە یاسا دژی ئینسانییەکان ڕاوەستاون و سەربەرزانە لەو ڕێگایەدا فیداکارییان کردووە و گیانیان بەخشیوە و تەسلیمی ویستی ئاخوندەکان نەبوون و نەچوونە ژێر باری یاسا دژە ئینسانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.