کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەشێک لە ڕێککەوتننامەی بەرجام جێبەجێ ناکا

17:21 - 26 بانەمەڕ 2719

ڕێکخراوی ئێنێرژی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە بەشێک لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتۆتە دەر و چەند خاڵێکی ئەو ڕێککەوتننامەیە جێبەجێ ناکا. ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بانەمەڕێ ١٣٩٧ی هەتاوی، هەواڵدەریی "ئیسنا" لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە کە سازمانی ئێنێرژی ئەتۆمی ئێران بە پێی ڕاگەیەندراوی شووڕای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی، پابەندی بەشێک لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام نابێ. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هاتوە کە کۆماری ئیسلامیی چیتر پابەندی بەشێک لەو بەندانە نابێ کە پێوەندی بە ڕادەی پیتاندنی یۆرانیۆمییەوە هەیە و لە دامەزراوەی "ئەراک" دەست بە کارەکانی دەکاتەوە. پێشتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی بەرجامدا ئێران بەڵێنیی دابوو کە هەر کات یۆرانیۆمی غەنی کراو گەیشتە ٣٠٣ کیلۆگەرەم و ئاوی سەنگین گەیشتە ١٣٠ تۆن، زیادەی بەرهەمەکە بە وڵاتانی دیکە بفرۆشێ، بەڵام ئێستا کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە کە ئەو بەندە جێبەجێ نەکا. چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ماوەی ٦٠ ڕۆژی دیاریکرد هەتا ئورووپاییەکان بەڵینەکانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ بەرجامدا جێبەجێ بکەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن کۆماری ئیسلامی پابەندی ڕێککەوتنەکە نابێ. هەر دوابەدوای دیاریکردنی ئەو وادەیە بۆ ئورووپاییەکان، یەکیەتی ئورووپا لە یەکەمین کاردانەوەیدا ڕایگەیاند کە ئەو ئۆلتیماتیۆمەی کۆماری ئیسلامی ڕەتدەکەنەوە. دەوڵەتی فەڕانسە هۆشداریی دا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشێلکردنی هەرکام لە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئورووپا بۆ سەر ئێران. ڕۆژی چوارشەممە ویلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە ڕایگەیاند کە پێشیلکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ سوودێک بە ئێران ناگەیەنێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، دەمێکە هەوڵی وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدا و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تا ئێستا گەمارۆی جۆراوجۆر خراوەتە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی واز لەو پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ چەکی ناوکی بێنی، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە و نییە، بەڵکوو بەهۆی سیاسەتی ئاژاواەگێرانە و هێژموونیخوازی ئەو ڕێژیمە وڵاتە زلهێزەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجامدا ویستیان پێش لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئامانجی شەڕخوازی بێنێ. کۆماری ئیسلامی دوای ڕێککەوتنی بەرجام، بە دروستکردن و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچەکەدا، بوو بە هۆی ئەوەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە کە ئەوەش ئێستا بۆتە باسی ڕۆژ و دوور نییە کە شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا ساز نەبێ و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، وڵاتی ئێران بەرەو وێرانی نەبا.