کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سانسۆری ڕووداوەکانی کوردستان لە لایەن پۆلیسی "فەتا"وە

19:32 - 26 بانەمەڕ 2719

لەمڕۆژانەدا پۆلیسی "فەتا" مێدیاکارانی کوردی بانکگردۆتە ناوەندە ئەمنی و ئیتتیلاعاتییەکان و هەڕەشەی لێکردوون کە هەقتان نییە ڕووداوەکانی کوردستان بە مێدیایی بکەن. پۆلیسی فەتتا کورتکراوەی ( فضا تولید و تبادل اطلاعات) سەر بە "ناجا" واتە (نیروی انتظامی جمهوری اسلامی) ئێرانە و لە ٣ی ڕێبەندانی ١٣٨٩ی هەتاویی بەڕەسمی دەستی بەکار کردووە. ئەو ناوەندە کە سەر بە هێزی ئینتزامییە، ئەرکی پاراستنی مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە. "فەتا" ئەرکی ئەوەیە کە پێشگیری بکا لە ساختەکاری، دەستبڕین، بێڕێزی، دزیی ئینتەرنێتی، هاک کردن و لەو بابەتانە کە پێوەندییان بە سەرپێجی ئینتەرنێتییەوە هەیە. پۆلیسی "فەتا" بەناو بۆ ئەمنییەتی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دامەزراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەرکی ئێستای پۆلیسی فەتتا سانسۆری مێدیاییە. پۆلیسی فەتا لەمڕۆژانەدا قۆڵی لە ڕۆژنامەنووسان و مێدیاکاران هەڵماڵیوە و هەر جارە بە بیانوویەک هەڕەشەیان لێدەکا کە هەقتان نییە ڕووداوەکانی کوردستان بە مێدیایی بکەن. لەوبارەوە پێیانڕاگەیاندوون کە ڕێگەیان پێنادرێ، باس لە کوشتنی کۆڵبەران، لەسێدارەدانی زیندانیان، دەسبەسەرکرانی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزیی، مافیای ئاو، مانگرتنەکان و خۆپێشاندانەکان بکەن و لە ئەگەری باسکردنی هەر کام لەم هەواڵانە ڕاستەوخۆ دەدرێنە دادگای ئینقلاب. دیارە لە دادگای ئینقلاب دا ئەو کەسانە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بانگەشە بە دژی نیزام و شێواندنی بیروڕای گشتی تۆمەتبار دەکرێن و حوکمی توندیان بەسەردا دەسەپێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە مێدیای ئازادی لە ئێران سانسۆر کردووە، سەدان ڕۆژنامە داخراون و بە هەزاران ڕۆژنامەنووس و مێدیاکار کەوتوونەتە بەندیخانەکانی ڕێژیم و بەشێکیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون. ساڵی ڕابردوو ئەمنێستی ئینتەرناسیۆناڵ ئێرانی بە زیندانی ڕۆژنامە نووسان ناوبرد کە ٧ هەزار ڕۆژنامەنووس بەتۆمەتی جۆراوجۆر کەوتوونەتە زیندانەکانی ئەو ڕێژیمە. لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا مێدیاکانی سەر بە دەوڵەت ئازادن و ئەوانیش لە خزمەت سیاسەتی ڕێژیمدان نەک خزمەتی خەڵک و وڵات و ڕووداوەکانی ئێران بە هەموو شێوەیەک چەواشە دەکرێن و ڕاستییەکان لە خەڵک دەشاردرێنەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان هەمیشە بە چاوێکی ئەمنییەتی سەیری مێدیا و مێدیاکاران دەکا و لەژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندان، لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە مێدیاکارانی کورد خۆبەخشانە ڕووداوەکانی کوردستانیان گواستۆتەوە و بیروڕای گشتییان لێ ئاگادار کردۆنەتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لەو ڕێگەیەدا کەوتوونەتە بەر ئەشکەنجە و ئازار و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون و قوربانیی زۆریان داوە، بەڵام ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بەجێ هێناوە و ئەو هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی کوردانە و نیشتمانپەروەرانەی ئەوان نابێ و بەردەوام دەبن لە خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان و لەو بوارەشدا ڕێژیم تووشی داماوی و دەستەوەستانی دەکەن.